رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شاری مورهێد لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا، مێژوویەکی نوێیان لە پەیوەندییەکانیاندا تۆمار کرد و لە رێوڕەسمێکدا رێککەوتننامەیەکی دۆستایەتییان واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پتەوکردنی پردی پەیوەندییەکانە لە نێوان هەردوولا لە بوارەکانی کولتوور، پەروەردە و ئابووریدا.
رێوڕەسمەکە لە ناوەندی دەرچووانی کریستیانسن لە زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا لە مورهێد بەڕێوەچوو کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە رێوڕەسمەکە ئامادەبوو، تێیدا هەریەک لە گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شێلی کارلسن، سەرۆکشارەوانیی مورهێد، گوتاریان پێشکێش کرد و جەختیان لە گرنگیی ئەم رێککەوتنە کردەوە.
گوهدار شێخۆ: ئەم رێککەوتنە بەڵگەی پەیوەندیی پتەوی نێوان گەلەکانمانە
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "خۆشحاڵییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لەم بۆنە تایبەتەدا لەگەڵ ئێوەم. ئەم رێککەوتنە بەڵگەی پەیوەندیی پتەوی نێوان گەلەکانمانە و رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکان و هاوکاریی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و کوردە لە بوارەکانی کولتوور، بازرگانی و سیاسەتدا."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سوپاسی خۆی بۆ پشتیوانییەکانی ئەمریکا دەربڕی و گوتی: "ئەو پشتیوانییە رۆڵێکی گرنگی لەو پێشکەوتنەدا گێڕاوە، کە لە هەرێمی کوردستان بەدەستمان هێناوە."
گوهدار شێخۆ ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لەژێر رێنوێنییەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە دیدگای لە داڕشتنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوامە، هەرێمەکە گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم گەشتەدا هاوبەشێکی سەرەکیی ئێمە دەمێنێتەوە."
گوهدار شێخۆ هەروەها جەختی لەسەر کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان ماڵی چەندین پێکهاتەی جیاوازە، وەک موسڵمان، کرستیان، ئێزدی و ئەوانی دیکە، کە پێکەوە بە ئاشتی و رێزی دوولایەنە دەژین. ئەم یەکڕیزییە بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی ئێمەیە و شتێکە کە ئێمە شانازییەکی زۆری پێوە دەکەین."

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی لە قۆناخی شەڕی دژی داعش کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە کاتی شەڕی دژی داعشدا زیاتر بەهێز بوو، کاتێک هێزە ئازاکانی پێشمەرگە نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، بەڵکو بۆ ئاسایشی جیهانیش وەستانەوە. ئەو پشتیوانییەی لەو ساڵە چارەنووسسازانەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەرمانگرت، هەرگیز لەبیر ناکرێت و هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەرگری و بووژانەوەمان."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، گوهدار شێخۆ رایگەیاند: "بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لەنێوان زاخۆ و مورهێددا هەنگاوێکی دیکە دەنێین. ئەم هاوبەشییە تیشک دەخاتە سەر ئاڵوگۆڕی کولتووری، هاوکاریی پەروەردەیی، گەشەپێدانی ئابووری، گەشەی کۆمەڵایەتی و گەشتیاری."
ساتی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان زاخۆ و مۆرهێدی ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا، نێوەڕۆکەکەی لەبارەی دۆستایەتییەکی مێژووییە و ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە کولتووری و ئابوورییەکانە
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 2, 2025
دیار کوردە - رووداو pic.twitter.com/acx1JOOONS
شێلی کارلسن: کورد شارەکەمانیان زیندووتر کردووە
شێلی کارلسن، سەرۆکشارەوانیی مورهێد، بەخێرهاتنی شاندی زاخۆی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە رەنگدانەوەی فرەڕەنگی و دەوڵەمەندیی کولتووریی شارەکەیانە. ئەو گوتی: "زیاتر لە 8%ی دانیشتووانی شارەکەمان کوردن و ژمارەکەش لە زیادبووندایە. ئێوە دراوسێ و هاوکار و خاوەنکارەکانمانن و بوونی ئێوە شارەکەمانی زیندووتر، کراوەتر و پڕ ژیانتر کردووە."
هەر لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکەدا، رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان لەنێوان زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا مورهێد و زانکۆی زاخۆ راگەیێندرا، کە وەک "پردێکی پەروەردەیی گرنگی جیهانی" وەسف کرا و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەنێوان هەردوو لادا.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ