ئەڵمانیا: ئەو هاوکارییەی دەچێتە غەززە زۆر کەمە

02-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، بڕی ئەو هاوکارییانەی دەگەنە کەرتی غەززە هێشتا "زۆر کەمە". ئەمە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی ئەڵمانیا تاوتوێی زیادکردنی گوشاریان لەسەر ئیسرائیل کرد.
 
ئەم رەخنەیە دوای ئەوە هات کە یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژانی پێنجشەممە و هەینی سەردانی غەززەی کرد و سوپای ئەڵمانیا یەکەم کاروانی هاوکاریی خۆی لە رێگەی فڕۆکەوە بەسەر غەززەدا بەردایەوە.
 
شتێفان کۆرنێلیوس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "ئەڵمانیا تێبینی پێشکەوتنێکی سنوورداری سەرەتایی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە کردووە، بەڵام ئەمە هێشتا زۆر کەمە بۆ باشکردنی دۆخە نائاساییەکە."
 
کۆرنێلیوس گوتیشی: "ئیسرائیل بەرپرسیارە لەوەی دڵنیایی بدات لە گەیاندنی تەواوی هاوکارییەکان."
 
ئیسرائیل کە رووبەڕووی رەخنەی نێودەوڵەتیی زیاتر بووەتەوە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، رێگەی داوە بارهەڵگری زیاتر لە سنوورەکان بپەڕنەوە و هەندێک وڵاتی بیانیش هاوکاریی خۆراک و دەرمان لە رێگەی ئاسمانەوە بگەیێنن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن بڕی ئەو هاوکارییەی دەچێتە نێو غەززە هێشتا زۆر کەمە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە 6 هەزار بارهەڵگر چاوەڕوانی رێگەپێدانی ئیسرائیلن بۆ چوونە نێو خاکی داگیرکراوی فەلەستین.
 
حکومەتی ئەڵمانیا، کە لە کۆنەوە پشتیوانێکی بەهێزی ئیسرائیل بووە، "نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو راپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن بڕێکی زۆر لە هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حەماس و رێکخراوە تاوانکارییەکانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت."
 
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی ئەو هاوکارییەی دەگاتە کەرتەکە، لەلایەن حەماسەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. 
 
ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆتایی حوزەیران لە راپۆرتێکدا رەتیکردەوە حەماس هیچ یارمەتییەکی بردبێت. کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بە هەمان شێوە لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، هیچ بەڵگەیەک نییە حەماس دەست بەسەر یارمەتییەکاندا بگرێت.  
 
سوپای ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە لە شەڕی دژی حەماسدا، تۆڕە تاوانکارییە فەلەستینییەکانی پڕچەک کردووە و رێگەی پێداون دەست بەسەر هاوکارییەکاندا بگرن.
 
جۆناسان ویتال لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی لە مانگی ئایار بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دزینی راستەقینەی هاوکارییەکان لە سەرەتای شەڕەوە لەلایەن گرووپە تاوانکارییەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەویش لەبەرچاوی هێزەکانی ئیسرائیل."
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەڵمانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە کە تێبینییان کردووە ئیسرائیل رۆژانە رێگە بە 220 بارهەڵگر دەدات بچنە نێو غەززە.
 
لەچەند هەفتەی رابردوودا، بەرلین هەڵوێستێکی تووندتری بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو نیشانداوە.
 
سەرچاوەکە رایگەیاند کە رۆژی شەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەڵمانیا "تاوتوێی بژاردە جیاوازەکانی" کردووە بۆ گوشارخستنە سەر ئیسرائیل، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە. راگرتنی بەشێک لە هەناردەی چەک بۆ ئیسرائیل یەکێکە لەو بژاردانەی کە خراوەتەڕوو.
 
چەکدارانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشێکیان کردە سەر ئیسرائیل کە بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر بنەمای ژمارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 219 کەس.
 
هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەو کاتەوە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 60 هەزار و 249 فەلەستینی، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی وەزارەتەکە بە باوەڕپێکراو دەزانێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا