رووداو دیجیتاڵ
کرستینا کیچنەر، جێگری سەرۆکی ئەرجەنتین لە هەوڵێکی تیرۆرکردن، رزگاری بوو، کاتێک لەبەردەم ماڵەکەیدا لەلایەن کەسێکەوە بە دەمانچەیەک کە پێنج فیشەکی تێدا بوو هێرشی کرایە سەر، بەڵام فیشەکەکانی دەمانچەکە نەتەقین.
شەوی پێنجشەممە 1-9-2022، ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤزیۆنی لە بەردەم ماڵی جێگری سەرۆکی ئەرجەنتین وەستابوون و چاوەڕێیان دەکرد قسەیان بۆ بکات، لەو کاتەی کریستینا لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و رۆژنامەڤانان لێی نزیک دەبنەوە، کەسێک بە دەمانچەوە دەردەکەوێت و هەوڵی کوشتنی دەدات، بەڵام کەسەکە لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو نابێت.
ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی ئەرجەنتین لەو بارەیەوە گوتی: "لە بەردەم ماڵی جێگری سەرۆک، پیاوێک چەکێکی ئاڕاستەی سەری کرد و پەنجەی بە پەلەپیتکەکەیەوە نا. کریستینا هێشتا لە ژیاندا ماوە، چونکە دەمانچەکە کە 5 فیشەکی تێدا بوو نەتەقی، ئەویش بە هۆکارێک کە تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی نەزانراوە".
فێرناندێز گوتیشی: "ئەمە بابەتێکی تەواو هەستیارە. ئەمە هەستیارترین رووداوە لەو کاتەی ئێمە دیموکراسییەتمان راگەیاندووە".
هێرشەکەی سەر کریستینیا لە کاتێکدایە، ئەو ژنە سەرکردەیە لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و پێدانی گرێبەستی بەڵێندەرایەتی لە بەرامبەر پارەدا، لە دادگە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
کریستینا کیرچنەر لە 2007 بۆ 2015 سەرۆکی ئەرجەنتین بووە، سکاڵاکارانی کریستینا داوا دەکەن 12 ساڵ لە زیندانی بکرێت و لە سیاسەت دووربخرێتەوە.
هەرچەندە کریستینای تەمەن 69 ساڵ کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە پارێزبەندیی پەرلەمانیی هەیە و ئەگەر تۆمەتەکانیشی بەسەردا بسەپێنرێت زیندانی ناکرێت؛ تەنیا لە کاتێکدا نەبێت ئەگەر دادگەی باڵای ئەرجەنتین بڕیاری لەبارەوە بدات. کریستینا لەبارەی تۆمەتەکانییەوە دەڵێت، هیچ کام لەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی نەسەلمێنراوە.
بەگوێرەی میدیای نێوخۆیی ئەرجەنتین، ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر کریستینا بەرازیلییە. دوای رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
هەر دوای رووداوەکە، سەرکردەی پارتە نەیارەکانی کریستینا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەرجەنتین لە 2015 بۆ 2019 لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە: " بەتەواوی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر کریستینا کیرچنەر. ئەمە زۆر بابەتێکی هەستیار و جیددیە و پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بکرێت".
نیکۆڵاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کە هاوپەیمانێکی بەهێزی کریستینایە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، دڵگرانن بەو هێرشە مەترسیدارەی کراوەتە سەر کریستینا و داواشیکردووە بە زووترین کات ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی ئەرجەنتین بگەڕێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ