رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێ، ئێستا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی رۆژئاوا و ئۆکراینادایە" بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ بدەن. پووتین دڵخۆشیی خۆی بەو سەرکەوتنانە دەربڕی کە سوپاکەی بەم دواییە بەدەستی هێناون و هەڕەشەی پێشڕەویی زیاتریشی کرد.
پووتین چی دەڵێ؟
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە ساڵانەکەیدا، کە نزیکەی چوار کاژێر و نیوی خایاند، پووتین بە خەڵکی رووسیای گوت، سوورن لەسەر ئەوەی لە ئۆکراینا بەردەوام بن لە پێشڕەوی.
پووتین کە تەمەنی 73 ساڵە، هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر گفتوگۆکانی ئاشتی شکست بێنن، ئەوا ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە ماون، بە زەبری هێز دەخاتە سەر رووسیا.
سەبارەت بەو هەزاران کەسەی لەم جەنگەدا کوژراون، پووتین گوتی: "ئێمە دەستمان بەم جەنگە نەکردووە".
گفتوگۆکان بە کوێ گەیشتوون؟
پووتین رەتیکردەوە ئەوان هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتن بن و گوتی، رووسیا "هەندێک سازشی کردووە"، بەڵام روونکردنەوەی زیاتری نەدا؛ گوتیشی: "تۆپەکە بەتەواوی لە گۆڕەپانی نەیارەکانمان لە رۆژئاوا و سەرۆکی ئۆکراینادایە."
بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا و ئەورووپا خەریکی ئامادەکردنی پێشنیازێکن کە زۆربەی داواکارییەکانی رووسیای تێدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
دۆخی بەرەکانی جەنگ
پووتین دەڵێ، پێشڕەوییەکانی سوپای رووسیا دەبێت ئۆکراینا ناچار بکەن بە رێککەوتنەکە رازی بێ، کە تێیدا دەبێت ئۆکراینا بەشێک لە خاکەکەی بداتە رووسیا.
سەرۆکی رووسیا گوتی: "سوپاکەمان لە هەموو بەرەکانەوە لە پێشڕەویدایە و دڵنیام پێش کۆتایی ئەم ساڵ، گەواهیدەری سەرکەوتنی دیکە دەبین."
بەپێی راپۆرتەکان، سوپای رووسیا لە مانگی تشرینی دووەم، گەورەترین پێشڕەویی ساڵی 2025ی تۆمارکردووە.
هەڵبژاردن و هەڕەشەکان
رووسیا و ئەمریکا گوشار لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی بکات. پووتین ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێ، رەنگە لەو رۆژەدا هێرشەکان رابگرن.
لەلایەکی دیکەوە، پووتین هۆشداریدا بە ئەورووپا کە پارە سڕکراوەکەی رووسیا بۆ ئۆکراینا خەرج نەکات، ئەگەرنا "باجەکەی قورس دەبێت". هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دژایەتی خۆی بۆ پلانی ئەورووپا دەربڕی کە داوای ناردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکراینا دەکات.
پووتین گوتی، هێرش ناکەنە سەر وڵاتانی دیکە ئەگەر "رێزیان لێ بگیرێ". بەڵام زیلینسکی کە سەردانی پۆڵەندای کردبوو، هۆشداریدا کە "ئەگەر ئۆکراینا بکەوێ، نۆرەی پۆڵەندایە".
دۆخی ناوخۆی رووسیا
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی سێ ملیۆن پرسیار لەلایەن خەڵکەوە بۆ پووتین نێردرابوون. پووتین هەوڵیدا کاریگەرییە خراپەکانی سزاکان و دۆخی ئابووری لەسەر وڵاتەکەی بە کەم نیشان بدات، لەکاتێکدا بەهۆی خەرجیی زۆری سەربازییەوە، نرخی شتومەک لە رووسیا بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ