پۆلیسی فەرەنسا بە تۆمەتی گەندەڵی هەڵیکوتایە سەر ماڵی وەزیری رۆشنبیری

16 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی فەرەنسا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لە گەندەڵی، هەڵیکوتایە سەر ماڵی رەشیدە داتی، وەزیری رۆشنبیریی ئەو وڵاتە. 
 
پۆلیس هەروەها پشکنینی بۆ باڵەخانەی وەزارەتی رۆشنبیری و شارەوانیی ناوچەی حەوتی پاریس کرد، کە داتی سەرۆکایەتی دەکات.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، رەشیدە داتی ئامادەکاری دەکات تاوەکو لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا ببێتە سەرۆکی شارەوانیی پاریس.
 
تۆمەتەکان چین؟
 
رەشیدە داتی، تەمەنی 60 ساڵ، رووبەڕووی چەند تۆمەتێک بووەتەوە:
 
یەکەم، پارەی کۆمپانیای وزە: داتی تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵانی 2010 و 2011، کاتێک ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بووە، نزیکەی 300 هەزار یۆرۆی لە کۆمپانیای وزەی GDF Suez وەرگرتووە. دەگوترێ ئەم پارەیە بەرتیل بووە تاوەکو لە پەرلەمان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە بکات، بەڵام داتی پارەکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
دووەم، دۆسیەی رینۆ: داتی لە ساڵی 2021 تۆمەتبار کرا بە وەرگرتنی 900 هەزار یۆرۆ لە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی رینۆ-نیسان وەک کرێی پارێزەرایەتی، کە گومانی گەندەڵی لێ دەکرێ.
 
سێیەم، شاردنەوەی زێڕ و خشڵ: لە دۆسیەیەکی دیکەدا، داتی تۆمەتبارە بەوەی خاوەنی کاتژمێر و خشڵی گرانبەهایە بە بەهای 420 هەزار یۆرۆ، بەڵام کاتێک بووە بە وەزیر، ئەم سامانەی لە لیستی سەروەتەکەیدا نەنووسیوە.
 
وەڵامی وەزیرەکە
 
رەشیدە داتی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پارێزەرەکەشی ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر پشکنینەکانی پۆلیس بدات.
 
داواکاری گشتیی فەرەنسا دەڵێ، لێکۆڵینەوەکان بە فەرمی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە دەستیان پێکردووە و گومان دەکەن داتی تێوەگلابێت لە "گەندەڵی، بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و بەهەدەردانی پارەی گشتی".
 
داتی لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسایە و دەیەوێ لە هەڵبژاردنی مانگی ئاداری 2026ـدا شوێنی ئان هیدالگۆ بگرێتەوە و ببێتە دووەم ژن کە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی پاریس وەربگرێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ). وێنە: Pixabay

لە نۆ مانگدا زیاتر لە 1,400 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا نەبوون

بەگوێرەی شیکارییەکی نوێ، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بە رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتنە گشتییەکاندا ئامادە نەبوون، کە زۆرترین ئامادەنەبوونیش لە رۆژانی هەینیدا تۆمارکراوە.