رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا زۆر لە ڤلادیمیر پووتین بێ هیوا بووە.
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، پرسیاری لێکرا، "ئایا هەست دەکات پووتین خیانەتی لێکردووە؟" لە وەڵامدا گوتی، "من زۆر بێهیوا بووم لە سەرۆک پووتین، دەتوانم ئەمە بڵێم. پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، زۆر بێهیوا بووم."
ئەم هەفتەیە ئەو وادەیە دوو هەفتەییە تەواو دەبێ کە ترەمپ بۆ رووسیای دانابوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکراینا بگەنە رێککەوتن. ترەمپ رەتیکردەوە باس لەوە بکات کە بە چ شێوازێک گوشار لە رووسیا دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو نیگەران نییە لە نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان رووسیا و چین و گوتی، "هیچ نیگەرانییەکم نییە، نا."
ترەمپ گوتی، "ئێمە بەهێزترین سوپای جیهانمان هەیە. ئەوان هەرگیز سوپاکەیان دژی ئێمە بەکارناهێنن، باوەڕم پێبکەن ئەوە خراپترین شتێک دەبێ کە بیکەن."
قسەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا چەقیان بەستووە.
جەنگەکە لە شوباتی ساڵی 2022 بە هێرشی رووسیا دەستیپێکرد.
ترەمپ لە سەرەتای دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەنگاوی نا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ.
ترەمپ بەڵێنی دابوو لە ماوەی 24 کاژێردا لە دوای دەستبەکاربوونی، کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت، بەڵام دواتر دانی بەوەدا نا کە ئەو ئەرکە قورسترە لەوەی پێشبینیی دەکرد.
مانگی رابردوو لووتکەیەک لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە ئەلاسکا بەڕێوەچوو و تەوەری سەرەکیش جەنگی ئۆکراینا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ