جیهان
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لەم رۆژانەی دواییدا لەبارەی تەندروستییەوە بڵاوکرانەوە و بە "هەواڵی ساختە" ناویان دەبات. ترەمپی تەمەن 79 ساڵ رایگەیاند، لە پشووی هەفتەیشدا زۆر چالاک بووە.
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن پرسیاری لەبارەی ئەو قسە و باسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی تەندروستییەوە بڵاودەکرانەوە لێکرا؛ لە وەڵامدا گوتی، "هەواڵی ساختە بوون."
ترەمپ چەند رۆژێک بوو لە هیچ بۆنەیەکی گشتی یان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، دەرنەکەوت.
بڵاوبوونەوەی هەندێک وێنە کە دەست و قاچی ترەمپیان بە شێوەیەکی نائاسایی پیشان دەدا، دەنگۆکانی لەبارەی تەندروستیی ترەمپ خراپتر کرد و تەنانەت باس لە مردنیشی کرا.
سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو جۆرە دەنگۆیانە بوونەتە هۆی ئەوەی میدیا متمانەی کەم ببێتەوە.
ترەمپ گوتی، ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە بووە، بەڵام بایەخی پێ نەداون.
لە تەممووزی ئەم ساڵدا چەندین وێنەی ترەمپ بڵاوبوونەوە، تێیاندا تێبینیی گۆڕانی رەنگی پێستی دەستی راستی دەکرا. ئەو کاتە کۆشکی سپی رایگەیاند، تەندروستیی ترەمپ باشە و هۆکاری گۆڕانی رەنگی پێستیشی بەکارهێنانی ئەسپرینە.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەستوور بوون و ئاوسانی قاچی ترەمپ بۆ خوێنبەرەکانی دەگەڕێتەوە.
پێشتریش جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکییەکانی دڵنیا کردبوویەوە کە هیچ هۆکارێک بۆ نیگەرانی لە تەندروستیی ترەمپ نییە و ئەگەر "کارەساتێکی خراپ"یش رووبدات، ئامادەیە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
تەندروستیی سەرۆکەکانی ئەمریکا هەمیشە بە وردی چاودێری دەکرێت. لە ساڵی 2017وە دوو بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا چوونەتە کۆشکی سپی و لەوکاتەوەش چاودێریکردنی تەندروستیی سەرۆک زیاد کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ