ڤیێتنام بە 'گەورەترین نمایشی سەربازی' یادی رۆژی سەربەخۆیی کردەوە

02-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، ڤیێتنام بە بە نماییشێکی سەربازی کە بە گەورەترینی دەیان ساڵی رابردوو دادەنرێت، یادی رۆژی سەربەخۆیی کردەوە. 
 
هەزاران کەس لەسەر شەقامەکانی هانۆی پایتەخت ئامادە بوون، دوای ئەوەی شەویان لە دەرەوە بەسەربرد بۆ ئەوەی نمایشە گەورەکەی 80ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ببینن.
 
نمایشەکە لە گۆڕەپانی بادین بەڕێوەچوو، هەمان ئەو شوێنەی کە هۆ چی مین، سەرکردەی شۆڕشگێڕ، لە 2ی ئەیلوولی 1945 سەربەخۆبوون و رزگاربوونی ڤیێتنامی لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی فەرەنسا راگەیاند.
 
دوای ماوەیەکی کەم شەڕ دەستیپێکردەوە و هێزەکانی ڤیێتنام لە جەنگی یەکەمی هیندۆچین رووبەڕووی فەرەنسییەکان بوونەوە، کە لە ساڵی 1954 بە دابەشبوونی وڵاتەکە بۆ باکووری کۆمۆنیست و باشووری ژێر پشتیوانیی ئەمریکا کۆتاییهات.
 
دواتر جەنگی ڤیێتنام روویدا، کە تێیدا باکووری کۆمۆنیست دژی باشوور و هاوپەیمانە ئەمریکییەکانی شەڕی کرد. ئەو ململانێیە کاتێک کۆتاییهات کە هێزە کۆمۆنیستەکان لە 30ی نیسانی 1975 سایگۆنیان کۆنترۆڵکرد و وڵاتەکە یەکخرایەوە.
 
تۆ لام، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیست و باڵاترین سەرکردەی ڤیێتنام، رێزی خۆی بۆ ئەو کەسانە پێشاندا کە لەپێناو سەربەخۆییدا گیانیان لەدەستداوە و جەختی لە ئامانجی پارتی دەسەڵاتدار کردەوە کە تاوەکو ساڵی 2045 ڤیێتنام ببێتە "نەتەوەیەکی بەهێز، خۆشگوزەران و بەختەوەر."
 
سەربازان دەستە دەستە بە بەردەم سەکۆکەیدا تێپەڕین، لە کاتێکدا تانک، زرێپۆش و سیستەمی مووشەکی بەدوایاندا رۆشتن. هێلیکۆپتەرەکان بە ئاسماندا فڕین و ئاڵای ڤیێتنامیان هەڵواسیبوو، فڕۆکە جەنگییەکانیش بەدوایاندا فڕین و لە خوارەوەش تیپێکی مۆسیقای سەربازی مارشی جەنگیان ژەنی.
 
بەرپرسان رایانگەیاند، نزیکەی 16 هەزار سەرباز بەشدارییان لە بۆنەکەدا کردووە.
 
لە نمایشەکەدا، تانکی پێشکەوتوو، تۆپی گەورەی سەر زرێپۆش، زرێپۆش و ئۆتمبێلی سەربازی و سیستەمی مووشەکیی دروستکراوی کۆمپانیایەکی ڤیێتنامیی، نیشاندران. 
 
بۆ یەکەمجار، نماییشێکی دەریاییش لە کەناراوەکانی شاری کام ران لە باشووری ڤیێتنام رێکخرا و لە تەلەڤزیۆنەوە پەخشکرا، کە کەشتیی جەنگی، ژێردەریایی، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی دەریایی تێدا نمایشکران.
 
خەڵکەکە چەندین رۆژ پێشوەخت روویان لە هانۆی کردبوو و شەوی دووشەممە هەزاران کەس لەسەر شۆستەکان مانەوە بۆ ئەوەی شوێنێکی باش بۆ بینینی نمایشەکە بگرن.
 
ڤیدیۆییەکانی نماییشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی بڵاوبوونەوە و زۆر لە ئامادەبووان گەنجانی تەمەن بیست ساڵان بوون، کە درێسی سوور بە ئەستێرەی زەردەوەیان لەبەرکردبوو و بە گەرموگوڕییەوە هانی سەربازانیان دەدا.
 
خەڵک ئاڵای وڵاتەکەیان بەرزکردبووەوە و هەندێکیشیان لەسەر رووخساریان نەخشاندبوو. شاشە گەورەکان لە چوارڕیانەکان دانرابوون، لە کاتێکدا باڵکۆنەکانیش بە ئاڵای زیاتر رازێنرابوونەوە.
 
ڤیێتنام یەکێکە لەو وڵاتانەی ئاسیا کە زۆرترین گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیوە. 
 
لە کۆتایی هەشتاکانەوە ئابوورییەکەی دەستی بە بووژانەوە کرد، وڵاتەکە بووەتە ناوەندێکی بەرهەمهێنان بۆ کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، کوتاڵ و پێڵاو و کەرەستە بۆ براندە جیهانییەکانی وەک سامسۆنگ و نایک دابین دەکات. رێژەی هەژاری دابەزیوە و چینی ناوەند بەخێرایی گەشە دەکات.
 
بەڵام ڤیێتنام رووبەڕووی ئاڵنگاریی نوێ دەبێتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی گەشەی خێرا لەگەڵ چاکسازی، بەساڵاچوونی دانیشتووان، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لاوازیی دامەزراوەکان و گوشاری ئەمریکا لەسەر ناهاوسەنگیی بازرگانیی نێوانیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا