رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور رۆژی سێشەممە رایگەیاند، مەزەندە دەکرێت نزیکەی دوو هەزار سەربازی کۆریای باکوور کە بۆ یارمەتیدانی رووسیا لە شەڕی دژی ئۆکراینا نێردرابوون، کوژرابن.
لی سیۆنگ-کوۆن، پەرلەمانتاری کۆریای باشوور، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی سیئۆل لە مانگی نیساندا رایگەیاندبوو، ژمارەی کوژراوانی جەنگەکە لانیکەم 600 کەس بووە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنە نوێیەکان، ئێستا ئەو ژمارەیە بە نزیکەی دوو هەزار کەس مەزەندە دەکرێت."
دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و رۆژئاوا رایانگەیاندووە، کۆریای باکوور لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی بۆ رووسیا ناردووە، بەتایبەتی بۆ هەرێمی کورسک، لەگەڵ گوللە تۆپ، مووشەک و سیستمی مووشەکی دوورهاوێژ.
پەرلەمانتار لی هەروەها گوتی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی پێیوایە پیۆنگیانگ پلانی هەیە شەش هەزار سەرباز و ئەندازیاری دیکە بنێرێتە رووسیا.
لی گوتیشی: "مەزەندە دەکرێت لە چوارچێوەی پلانی سێیەمی ناردنی شەش هەزار سەرباز، نزیکەی هەزار ئەندازیاری سەربازی گەیشتبنە رووسیا."
سەرەتای ئەم ساڵ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، کۆریای باکوور کرێکاری بیناسازی و پسپۆڕانی هەڵگرتنەوەی مین دەنێرێتە هەرێمی کورسک.
کۆریای باکوور لە مانگی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە هێزی ناردووە بۆ پشتیوانیکردنی رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا و دانی بەوەدانا کە سەربازەکانی لە شەڕدا کوژراون.
دوای ئەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور چاوی بە خێزانی ئەو سەربازانە کەوت کە لە شەڕکردن بۆ رووسیا دژی ئۆکراینا کوژراون.
پار لە سەردانێکی دەگمەنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کۆریای باکوور، هەردوو وڵات رێککەوتنێکی سەربازییان واژۆ کرد، کە بەندێکی بەرگریی هاوبەشی لەخۆ گرتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ