رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای دانیمارک دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە سووریاییەی هەڵگری وڵاتینامەی دانیمارک بوو و بەهۆی مانەوەی لەنێو رێکخراوی داعش سزا دراوە، لە راستیدا سیخوڕیی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی دانیمارک کردووە.
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، دادگەی باڵای دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەحمەد سەمسامی تەمەن 35 ساڵ کاری بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی دادگاکەدا هاتووە، دەبێت دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی دانیمارک (DSIS) و دەزگای هەواڵگریی بەرگریی دانیمارک (DDIS)، ئاشکرای بکەن کە ئەحمەد سەمسام لە گەشتەکانیدا بۆ سووریا پارەی وەرگرتووە، "بۆئەوەی زانیاری لەبارەی شەڕکەرە دانیمارکییەکان بە دەزگا هەواڵگرییەکان بدات."
ئەحمەد سەمسام لە ساڵی 2017 لەلایەن دادگایەکی ئیسپانیاوە بە تاوانی ئەندامێتیی داعش سزای 8 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکەی کەمکرایەوە و ساڵی 2023 ئازاد کرا.
هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی دانیمارک و دەزگای هەواڵگریی بەرگریی دانیمارک، دوای راگەیێندراوەکەی دادگا، ئاماژەیان بەوە کرد، ئەحمەد سەمسام کاری بۆ ئەوان کردووە.
ئەحمەد سەمسام رەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی تیرۆریستیی ئەنجام دابێت. ئەو دۆسیەیە لەنێو دانیمارک مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنابوو.
سەمسام باس لەوە دەکات، ئەگەر دەزگا هەواڵگرییەکانی دانیمارک لە ساڵی 2017 پشتیوانییان بکردایە، "ئەو هەڵە گەورەیە رووینەدەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ