رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم دادگە ئامادەبوو، ئەمەش دوای ئەوەی خۆی و دوو لە کوڕەکانی بە "درۆکردن لەبارەی بەهای موڵک و پشکەکانیان" تۆمەتبارکرابوون، بەڵام ترەمپ تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبەردەم دادگەی باشووری مەنهاتن لە ویلایەتی نیویۆڕک ئامادەبوو.
دۆناڵد ترەمپ و دوو لە کوڕەکانی (جۆن ترەمپ و ئێریک ترەمپ) بەوە تۆمەتبارن کە لەنێوان ساڵی 2011 تاوەکو 2021، ساڵانە 1.9 تاوەکو 3.6 ملیار دۆلار بەشێوەیەکی نادروست بەهای موڵکەکان و پشکەکانیان زیادکردووە بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی زیاتر و بیمەی زیاتر لە بانک وەربگرن.
ترەمپ لەبەردەم دادگە ئامادەبوو و هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تۆمەتەکان فێڵن و جێگەی شەرمەزارین، هۆکاری ئەوەی ئێمە لێرەین ئەوەیە کە ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو زیان بە من بگەیێندرێت، پێشموانییە خەڵکی ئەمریکا پشتگیری لەمە بکەن."

ئارسەر ئینگۆرۆن، دادوەری باڵای ویلایەتی نیویۆڕک لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دادگاییکردنەکە تاوەکو 22ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و دواتر دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکەوە دەدات.
ئەمە پێنجەم تۆمەتە دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت، بەڵام ترەمپ ئەو تۆمەتانە بە "بێ بنەما" ناودەبات.
ترەمپ یەکێکە لە بەربژێرە چاوەڕوانکراوە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەگوێرەی راپرسییەکی پەیمانگەی سیەنا پۆڵی ئەمریکا، 55٪ی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەدان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ