رووداو دیجیتاڵ
دەیان کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی کرێمی دژەخۆر ناچاربوون بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ئوسترالیا بکشێننەوە، دوای ئەوەی لێکۆلێنەوەیەکی زانستی ئاشکرای کردووە، کرێمەکان فاکتەری پارێزیی لە خۆری تێدا نەبووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئوسترالیا، لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، زیاتر لە 10 کرێمی دژەخۆری کۆمپانیاکانی ئوسترالیا، مادە و فاکتەری تەواوی پاراستنی خۆریان تێدا نەبووە.
وەرزی هاوینی ئوسترالیا بەوە بەنێوبانگە رۆژەکانی درێژە و گەرماکەشی زۆر بەتینە و خەڵکەکەشی زۆربەی کاتەکانی هاوین لە کەنار دەریاکان بەسەردەبەن، بۆیە ئەو وڵاتە بەرزترین رێژەی شێرپەنجەی پێستی لە جیھاندا تێدایە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئوسترالیا، پار نزیکەی 19 هەزار کەس تووشی شێرپەنجەی پێست بوون.
لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لێکۆڵینەوەیەکی رێکخراوی "بژاردە"ی ئوسترالی ئاشکرایکرد، لە 20 براندی بەنێوبانگی کرێمی دژەخۆری تاقیکراوە، تەنیا چواریان مادە و فاکتەری پاراستنی خۆر ناسراو بە (SPF)ی گونجاوی تێدا بووە بۆ پاراستنی جەستەی مرۆڤ لە زیانی تیشکی خۆر.
دواتریش رۆژی سێشەممە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی کاڵا دەرمانییەکانی حکومەتی ئوسترالیا بڵاوکرایەوە و بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە، 21 کرێمی دژەخۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە و سەرجەمیان، رێژەی مادەی دژەخۆری بەڕێژەیەکی کەم تێدا بووە.
لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەتووە، لە ھەندێک کرێمدا، کە بانگەشەی فاکتەری پاراستنی خۆریان بۆ زیاتر لە 50٪ـی بۆ کراوە، نەگەیشتووەتە 20٪یش.
لەدوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەکەی حکومەتی ئوسترالیا، لەو براندانەی ئاماژەیان پێکراوە، 8یان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە کرێمەکانیان لە بازاڕ کشاندووەتەوە، 10یان فرۆشتنی کرێمەکەیان راگرتووە، دووی دیکەیان لەژێر پێداچوونەوەی زیاتردان و یەکێکیشیان فرۆشتنی کریمەکانی سنووردار کردووە.
ئوسترالیا کرێمەکانی دژەخۆر وەک کاڵایەکی تەندروستیی پۆلێن دەکات، چونکە رایانگەیاندووە ئەو کرێمانە بۆ بەکارھێنانی مرۆییە نەک جوانکاری و لەبەرئەوەشە بۆ دڵنیابوونیان بەردەوام تاقیکردنەوە لە سەلامەتی و کاریگەرییان دەکرێت.
ئان کاسێت، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئوسترالیا بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجەی پێست، لەوبارەیەوە دەڵێت "کرێمی دژەخۆر، تەنیا یەکێکە لە جۆرەکانی پاراستن لەخۆر و دەبێت خەڵک کرێمی دژەخۆر وەک دوایین چارەسەر بەکاربھێنێت، لەگەڵ رێوشوێنی پاراستنی دیکە وەک گەڕان بەدوای سێبەر و لەبەرکردنی جلوبەرگی قۆڵدرێژ".
هەروەها ئەو توێژەرە ئوسترالییە دەڵێت "گرنگترین شت سەبارەت بە کرێمی دژەخۆر ئەوەیە بە بڕی پێویست بەکاربھێنرێت و بڕی پێویست لەسەر پێستت دابنێیت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ