رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک پێیوایە نێتفلیکس بانگەشە بۆ ئایدۆلۆجیای هاوڕەگەزخوازی و رەگەزگۆڕین دەکات و داوا لە لایەنگرانی خۆی دەکات بایکۆتی بکەن.
ئەو داواکارییەی مەسک، زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە بەهای پشکەکانی نێتفلیکس دابەزاند.
بەگوێرەی فۆربس، بەهای پشکەکانی نێتفلیکس بە رێژەی 2.2% دابەزیوە.
مەسک کە خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس، سپەیس ئێکس، تێسلا و ستارلینکە، لە کۆمێنتەکانیدا بۆ پۆستی هەندێ لە لایەنگرانی، داوای کردووە هەژمارەکانیان لە نێتفلیکس دابخەن.
تۆمەتەکانی مەسک دوای ئەوە هاتن کە بەرهەمهێنەری زنجیرەیەکی نێتفلیکس بە ناوی Dead End: Paranormal Park کۆمێنتی لەسەر پۆستێکی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نووسیبوو، کە باسی لە کوشتنی چارلی کیرک دەکرد.
لە کاتێکدا ستارمەر هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزانی کیرک دەربڕیبوو، هامیش ستیل، بەرهەمهێنەری زنجیرەکە، پرسیبووی بۆچی سەرۆکوەزیران لێداوان لەسەر مردنی "کەسێکی نازی" دەدات.
سکرینشۆتی پۆستەکەی لەلایەن هەژمارێکەوە بڵاوکرایەوە کە پێشتر ستیلی بە "سەپاندنی بیرۆکەی رەگەزگۆڕین بەسەر منداڵاندا" تۆمەتبار کردبوو.
ئەو هەژمارە ئاماژەی بە دیمەنێکی زنجیرەکەی ستیل کردبوو، کە تێیدا کارەکتەرێک بە ناوی بارنی وەک کەسێکی رەگەزگۆڕاو خۆی ئاشکرا دەکات.
مەسک لە وەڵامدا نووسیبووی: "ئەمە باش نییە."
دواتر بە شوێنکەوتووەکانی گوت: "بۆ تەندروستیی منداڵەکانتان، نێتفلیکس بایکۆت بکەن."
بەرهەمهێنەری زنجیرەی Dead End: Paranormal Park لە تۆڕی بلووسکای وەڵامی قسەکانی مەسکی دایەوە و بە "درۆ و بوختان" ناوی بردن.
گوتیشی: "من ئەمڕۆ زۆر باش بووم و هەموو شتێکم بە پێکەنیناوی دەزانی، لە کاتێکدا سوپاسی هەموو ئەوانەم دەکرد کە پەیوەندییان پێوەکردم، بەڵام ئیمەیڵە زۆر ناشرین و نامۆ و دژە جووەکان دەستیان بە گەیشتن کردووە و بابەتەکە کەمێک ترسناک بووە، بۆیە داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر درەنگتر وەڵامی شتەکان بدەمەوە."
دواتر رایگەیاند کە "هەرگیز" مردنی چارلی کیرکی پێ خۆش نەبووە.
پێشتر دیموکراتەکان ئیلۆن مەسکیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە فۆبیای رەگەزگۆڕاوەکانی هەیە.
لە ئەیلوولی 2025، دامەزرێنەری تێسلا گوتی: "پاڵنەری سەرەکی گۆڕینی رەگەز لە لایەن پیاوانی سپیپێستەوە، ئەو پڕۆپاگەندە بەردەوامەیە کە پیاوانی سپیپێست وەک خراپترین مرۆڤەکان نیشان دەدات."
هەروەها مەسک دەڵێت، یەکێک لە کوڕەکانی بووەتە قوربانی دەستی پڕۆپاگەندەی هاوڕەگەزخوازەکان کە فریویانداوە بۆ ئەوەی رەگەزی خۆی بگۆڕێت بۆ کچ.
مەسک باس لەوە دەکات کە دکتۆرەکان بە فێڵ و فریودان، ئەویان رازی کردووە واژۆ لەسەر نەشتەرگەریی رەگەزگۆڕینی کوڕەکەی بکات.
کوڕەکەی مەسک ناوی زاڤیێر بوو و ئێستا گۆڕیویەتی بۆ ڤیڤیان ویڵسن.
ڤیڤیان رایگەیاندووە کە باوکی لە بارەی سەردەمی منداڵیی ئەوەوە، "درۆ"ی کردووە.
لە لوتکەی Teen Vogueـی 2025، ویڵسن ئاشکرای کرد کە "لە رووی داراییەوە سەربەخۆیە" لە باوکی.
مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە و سامانەکەی بە 500 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دوای کڕینی تویتەر و گۆڕینی ناوەکەی بۆ X لە ساڵی 2022، مەسک پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی دۆناڵد ترەمپ دروستکرد.
دواتر بووە سەرۆکی بەشی کارامەیی حکومەتی ترەمپ، کە لەوێ سەرپەرشتیی شەپۆلێکی دەرکردنی بەکۆمەڵی فەرمانبەران و هەڵوەشاندنەوەی چەندین ئاژانسی حکومیی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ