رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی هۆڵەندی رۆژی پێنجشەممە فەرمانی بە کۆمپانیای مێتا کرد دەستکاریی لۆگاریتمی فەیسبووک و ئینستاگرام بکات بۆ ئەوەی بەکارهێنەران لە هۆڵەندا خۆیان بڕیاربدەن سەیری چ پۆستێک دەکەن، نەک کۆمپانیاکە پشنیازیان بۆ بکات.
دادگەی ئەمستردام رایگەیاند، کاتێک بەکارهێنەرێک دەیەوێت پۆستەکان بەپێی کاتی بڵاوکردنەوەیان ببینێت، هەر کە ئەپەکە دابخات یان بچێتە بەشێکی دیکەی ئەپەکە، مێتا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی دەیگۆڕێتەوە بۆ شێوازە کۆنەکە، کە پۆستەکان بەپێی حەزەکانی پێشووی بەکارهێنەرەکە پیشان دەدرێن، واتە بەکارهێنەر پێشتر سەیری چ جۆرە پۆستێکی کردووە، کۆمپانیاکە هەمان جۆر بابەتی پێشان دەداتەوە. بەو جۆرە، بەکارهێنەر لە بینینی بابەتی نوێ و جیاواز بێبەش دەبێت.
دادگە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت: "فەیسبووک و ئینستاگرام بە تەواوی هاووڵاتییانی هۆڵەندی سەرپشک ناکەن کە بە ئازادی و سەربەخۆیی بڕیار لەسەر بەکارهێنانی ئەو سیستەمە بدەن کە پۆستەکانیان بۆ هەڵدەبژێرێت."
دادگە دوو هەفتە مۆڵەتی بە مێتا داوە دەستکاری لۆگاریتمەکانی بکات بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن بەخۆیان بڕیار بدەن کە چ جۆرە پۆستێک دەبینن.
هەروەها دادگا دەڵێت، پێویستە ئەو هەڵبژاردنەی بەکارهێنەر دەیکات وەک خۆی بمێنێتەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەگۆڕدرێتەوە بۆ شێوازە کۆنەکە.
سکاڵاکە لەلایەن گرووپێکی تایبەت بە پاراستنی زانیاریی کەسی بە ناوی "Bits of Freedom"ـەوە تۆمار کرابوو، کە بە سەرکەوتوویی سەلماندیان کە کارەکانی مێتا یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپای پێشێل کردووە.
گرووپەکە سکاڵاکەی لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا لە 29ی تشرینی یەکەم تۆمار کرد. دادگا رایگەیاند، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکان "بەشێکە" لە هۆکاری دەرکردنی فەرمانەکە بۆ گۆڕینی سیستەمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا.
ئەگەر مێتا پابەندی بڕیارەکەی دادگا نەبێت، رۆژانە بە بڕی 100 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێت، تاوەکو دەگاتە کۆی گشتیی پێنج ملیۆن یۆرۆ.
گوتەبێژێکی مێتا لە وەڵامدا رایگەیاندووە: "ئێمە بە تەواوی دژی ئەم بڕیارەین و تانەی لێ دەدەین."
گوتەبێژەکە گوتیشی: "ئێمە گۆڕانکاریی بەرچاومان لە سیستەمەکانماندا کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانمان و بەکارهێنەرانمان لە هۆڵەندا ئاگادار کردووەتەوە کە چۆن دەتوانن سەکۆیەکانمان بەکاربهێنن بێ ئەوەی پۆستەکان بەپێی حەزەکانی پێشوویان بێت. ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەورووپا، کە چاودێریی کارەکانمان دەکات لە ئەورووپا، پێمان وایە ئەمە بابەتێکە پێویستە لای ئەوان یەکلایی بکرێتەوە، نەک لە دادگاکانی وڵاتانی ئەندام."
دەشڵێت: "یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بۆ ئەوە دانراوە کە رێگەیەکی یەکگرتوو هەبێت بۆ لێپرسینەوە لە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان. ئەم جۆرە دۆسیانە هەڕەشەن بۆ سەر بازاڕی دیجیتاڵی یەکگرتوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ