کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداو: ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتیی زیاتر لە 30,000 عێراقیی رەتکردووەتەوە

02-10-2025
نەهرۆ محەممەد
خۆپێشاندانی کۆچبەران لە ئەڵمانیا دژی دیپۆرتکردنەوەیان.
خۆپێشاندانی کۆچبەران لە ئەڵمانیا دژی دیپۆرتکردنەوەیان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەهۆی ئەو رێکارانەی حکومەتی عێراق گرتوویەتیەبەر ژمارەی کۆچبەران و رێژەی کۆچی نایاسایی کەمیکردووە. 
 
حکومەتی عێراق هەوڵدەدات هۆکارە بنەڕەتییەکانی کۆچی نایاسایی چارەسەر بکات، ئەویش لەرێگەی باشترکردنی رێگەکانی کۆچی یاسایی بۆ مەبەستی گەشت، کار و چارەسەریی پزیشکی، ئەوەش وێڕای رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی.
 
کەریم نووری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ژمارەیەکی زۆری عێراقییەکان، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا کە زیاتر لە 30 هەزار کەسن، داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە. لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی کۆچەوە راوێژ لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی عێراق لەم دۆسیەیەدا تووشی کێشەی زۆر بووە، "بەڵام توانیویەتی رێگری لە گەشتکردن بۆ بیلاڕووس بکات و کۆچی نایاسایی کەمبکاتەوە."
 
بەگوتەی کەریم نووری، "زۆربەی کۆچبەران خەڵکی هەرێمی کوردستانن و نزیکەی 95٪ـیان گەنجن، ئەمانە بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن."
 
کەریم نووری گوتی: "گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی عێراقییەکان. هەروەها زۆربەی عێراقییەکان نایانەوێت لە لیبیا و تونس بمێننەوە و ئەو دوو وڵاتە تەنیا وەکو وێستگەیەکی گواستنەوە بەکاردەهێنن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی یاسای تایبەت بە پەنابەران و بوونی گرووپی چەکدار لە لیبیا کە رێگە نادەن عێراقییەکان بە ئارامی بژین."
 
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەیان تەنیا بە چارەسەرکردنی دەرەنجامەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو هەوڵدەدات هۆکارە سەرەکییەکان چارەسەر بکات کە پاڵ بە گەنجانی عێراقەوە دەنێن بۆ کۆچی نایاسایی؛ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان نەبوونی رێگەی یاساییە بۆ کۆچکردن، بۆیە حکومەتی عێراق ئێستا لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کاردەکات بۆ ئاسانکاریی کۆچی یاسایی لەپێناو گەشت، کار و وەرگرتنی چارەسەر. هەندێک وڵاتی ئەورووپی ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەسەر ئەم بنەمایە نیشانداوە، چونکە ئەگەر رێگەی یاسایی کۆچکردن دابخرێت، رەنگە گەنجان پەنا بۆ رێگەی نایاسایی ببەن.
 
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئەو رێکارانەی حکومەت گرتوونیەتەبەر، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی هەبووە و ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی رابردوودا بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، بەتایبەتی 2019 و 2021، زۆر کەمیکردووە.  
 
هەروەها گوتی، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆڕ و کۆمپانیایانەی گەنجان چەواشە دەکەن، بۆیە ئێستا ژمارەی کۆچبەران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. دەشڵێت: "چارەسەرکردنی هۆکارەکان، رێگەی راستەقینەی چارەسەرکردنی قەیرانەکەیە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە "ئەو کۆمپانیایانەی کاری قاچاخچێتییان دەکرد، لە بیلاڕووسەوە کاریان دەکرد. دوای قەدەخەکردنی گەشت بۆ ئەو وڵاتە، چالاکیی ئەو گرووپانە بە شێوەیەکی بەرچاو وەستا." 
 
کەریم نووری بە پێویستی دەزانێت هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ راوەدوونانی ئەو تۆڕانە. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.