رووداو دیجیتاڵ
مەغریبییەکان لە دژی گەندەڵی و خەرجییە گشتییەکان، خۆیان بۆ شەشەمین خۆپێشاندانی سەرتاسەریی ئامادە دەکەن، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پێکدادانی پچڕپچڕ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بووە هۆی کوژرانی سێ خۆپێشاندەر لە شاری ئەگادیر لە باشووری وڵاتەکە.
بە گشتی شانشینی مەغریب وڵاتێکی سەقامگیرە، بەڵام خەڵکەکە لە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی تووڕەن. ئەمە لە کاتێکدایە، وڵاتەکەی ئەفریقا بۆ میوانداریکردنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە مانگی داهاتوو و مۆندیالی 2030، پەرە بە پڕۆژە و ژێرخانی گەورە دەدات.
خۆپێشاندەران لە خۆپێشاندانەکاندا کە رۆژی شەممەی رابردوو دەستیانپێکرد، دروشمی وەک "مۆندیالمان ناوێت، تەندروستی لە پێشینەیە" و "یاریگامان هەیە، بەڵام کوا نەخۆشخانەکان؟"ـیان دەگوتەوە. هەروەها خۆپێشاندانەکان دوای چەند راپۆرتێک لەبارەی گیانلەدەستدانی هەشت ژنی دووگیان لە نەخۆشخانەیەکی گشتی لە ئەگادیر، زیاتر پەرەیانسەند.
بانگەوازی خۆپێشاندانەکان لەلایەن گرووپی GenZ 212ـەوە کراوە، کە گرووپێکە لەسەر سەکۆی نامەناردنی ئۆنلاینی دیسکۆرد دروست بووە و رێکخەرەکانی هێشتا نەناسراون.
بانگەوازی نوێ بۆ خۆپێشاندانی ئاشتییانە
گرووپی GenZ 212 داوای لە خۆپێشاندەران کردووە پەنا بۆ تووندوتیژی نەبەن و رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، "ئەمڕۆ خۆپێشاندانی ئاشتییانەی زیاتر رێکدەخرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە دەربڕینێکی شارستانی و بەرپرسیارانە بۆ داواکارییەکانمان."
لەوکاتەوەی خۆپێشاندانەکان دەستیانپێکردووە، سەدان گەنج دەستگیرکراون. شەوی چوارشەممە، کاتێک ئەفسەران تەقەیان لە گرووپێک خۆپێشاندەر کرد کە گوتیان هەوڵیانداوە "هەڵبکوتنە سەر" بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک ئەگادیر، سێ خۆپێشاندەر کوژران.
رووخانی گەندەڵی
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 400 کەس لە کاتی گردبوونەوەکاندا دەستگیرکراون و نزیکەی 300 کەسیش، کە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون، برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، بۆ یەکەم جار لەدوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانەوە، رێگە بە گردبوونەوەی فەرمی لە شارەکانی وەک تەنجە، تێتوان و کازابلانکا درا. خۆپێشاندەران داوای "رووخانی گەندەڵی" و "ئازادی، شکۆ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی"یان دەکرد و هەندێکیشیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەزیز ئەخەنووش، سەرۆکوەزیرانیان دەکرد.
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خۆپێشاندانەکان ئاشتییانە بوون، بەڵام لە هەندێک شار پێکدادان و کاری تێکدەرانە روویانداوە. لە شاری سەلێ، رۆژنامەڤانێکی ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی خۆپێشاندەرانی دەمامکدار دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس و لقێکی بانک دەسووتێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ