رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لە نزیک کەنیشتەیەکی جووەکان لە مانچێستەر کرا، "تیرۆریستی بووە". لە هێرشەکەدا دوو کەس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ لە شاری مانچێستەری ئینگلاند پیاوێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو جووەکاندا کرد کاتێک لە بەردەم پەرستگەکەیان بە بۆنەی جەژنی یۆم کیپور، کە پیرۆزترین جەژنی ساڵنامەیانە، کۆببوونەوە. دواتر بە چەقۆ پەلاماریدان. لە ئەنجامدا، دوو کەس کوژران و سێی دیکە بریندار بوون.
پۆلیس تەقەی لە هێرشکارەکە کرد و کوشتی. دوای هێرشەکە دوو کەسی دیکەش دەستگیرکران.
پۆلیس رایگەیاند، هەردوو کوژراوەکە جوو بوون و هێرشەکەیان لەو شارەی باکووری رۆژئاوای ئینگلاند وەک "رووداوێکی تیرۆریستی" ناساند.
هەروەها ئاشکرایان کرد کە "ناسنامەی" گومانلێکراوە کوژراوەکەیان دیاری کردووە، بەڵام جارێ بە فەرمی بڵاوی ناکەنەوە.
هێرشەکە چەند رۆژێک پێش دووەم ساڵیادی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دێت، کە بووە هۆی هێرشێکی تووندی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و گرژییەکانی لە بەریتانیا زیاد کرد.
سام مارتن، ئەندازیاری تەمەن 41 ساڵ، گوتی: "رۆژێکی زۆر خەمناکە. ماوەی حەوت ساڵە لێرە دەژیم و جگە لە میهرەبانی و خۆشەویستی، هیچ شتێکی دیکەم لە کۆمەڵگەی جوو نەبینیوە. ئەوان خەڵکانێکی زۆر زۆر باشن."
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەر زوو رووداوەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە رێوشوێنە ئەمنییەکان لە کەنیشتەکانی دیکەی بەریتانیا تووندتر دەکرێن.
ستامەر بەپەلە کۆبوونەوەی لووتکەی سیاسیی ئەورووپای لە دانیمارک جێهێشت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نائاسایی لە لەندەن بکات.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "ئەوەی ئەم رووداوە لە رۆژی یۆم کیپوردا روویداوە، کە پیرۆزترین رۆژە لە رۆژژمێری جووەکاندا، وایکردووە ترسناکتر بێت."
شا چارڵزی سێیەم رایگەیاند کە خۆی و شاژن کامیلا بەهۆی هێرشەکەوە "حەپەساو و خەمبار بوون".
لێکۆڵینەوەی دژەتیرۆر
پۆلیسی گەورەشاری مانچێستەر رایگەیاند، کەمێک دوای کاژێر 9:30 خولەکی بەیانی کە دەکاتە 11:30ی بەیانی بەکاتی هەولێر، وەڵامی چەند پەیوەندییەکیان داوەتەوە سەبارەت بە ئۆتۆمبێلێک کە لە بەردەم کەنیشتەی هیوتن پارک خۆی بە خەڵکدا کێشاوە.
هەروەها راپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە کە بە چەقۆ هێرشکراوەتە سەر پاسەوانێکی ئەمنی.
ستیڤن واتسن، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی مانچێستەر، پشتڕاستی کردەوە کە "دوو جوو بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە" و ئەفسەرانیش لە ماوەی حەوت خولەکدا لە دوای یەکەم پەیوەندیی فریاکەوتن، هێرشکارەکەیان کوشتووە.
هەروەها گوتی، چوار کەسی دیکە بەهۆی "برینی سەختەوە" لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ئۆتۆمبێلێک "راستەوخۆ ئاراستەی خەڵک کراوە".
"دواتر شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بینراوە کە بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر خەڵک" و پشتێنێکی لەبەردابوو کە لە پشتێنی بۆمبڕێژکراو دەچوو.
لارنس تایلۆر، یاریدەدەری کۆمیساری پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە وەک "رووداوێکی تیرۆریستی" پۆڵێن کراوە و بەڵێنیدا "لێکۆڵینەوە لە هەموو زانیاری و سەرەداوێک دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ