رووداو دیجیتاڵ
پێنج کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستان لە لیبیا دۆزراونەتەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە رێکارەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی بۆ ئەو کۆچبەرانە دەستپێکردووە بەمەبەستى گەڕاندنەوەیان.
پێنجشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروبارى باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "توانیمان پێنج کۆچبەری هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چووبوونە ناو خاکی لیبیاوە."
ئەو کۆچبەرانە، خاکی لیبیا بۆ تێپەڕبوون بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەکاردەهێنن. ئێستا 41 کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە دەستگیرکراون و رێکارەکانی گەڕانەوەیان دەستی پێکردووە.
ئەحمەد سەحاف رایگەیاند: "دۆزینەوەی ئەو کۆچبەرانە دوای هاوئاهەنگی بوو لەسەر ئاستێکی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی تەرابلوس و رێکارەکانی دەرهێنانی پاسپۆرتیان تەواو بووە وەک ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق."
دوایین کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە گەڕێنرابوونەوە، 25 کۆچبەر بوون کە لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، تاوەکو ئێستا 68 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە، کە سەرجەمیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ