رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێک دوای شیکردنەوەی پێنج هەزار ساڵی مێژووی شارستانییەت، دەڵێت، "جیهان بەرەو داڕمانێکی گەورە دەڕوات، ئەگەر نەتوانین نایەکسانی لەنێوببەین."
د. لوک کێمپ لە زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی دوای 7 ساڵ لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی دروستبوون و رووخانی زیاتر لە 400 کۆمەڵگە و شارستانییەت، دەڵێت، "خۆلەنێوبردن ئەگەری هەرە بەهێزە."
ئەو توێژەرە دەڵێت، "بە داهاتوو گەشبین نیم، بەڵام گەشبینم بە خەڵک."
مێژوو چی دەردەخات؟
کێمپ دەڵێ، مێژوو نیشانی دەدات مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا یەکسانییان بەلاوە گرنگە، بەڵام بەشێک لە دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکان و ئەوانەی شەیدای پلە و پۆستن، کۆمەڵگەکانیان بەرەو داڕمان بردووە.
لە مێژوودا، کاتێک ئیمپراتۆریەتە گەورەکان دەڕووخان، ژیانی خەڵکی ئاسایی زۆرجار باشتر دەبوو، چونکە لە ستەم و باجی زۆر رزگاریان دەبوو. بۆ نموونە، "دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی رۆما، خەڵک باڵایان بەرزتر و تەندروستییان باشتر بوو."
هۆکاری سەرەکیی داڕمانی هەموو شارستانییەتەکان یەک شت بووە: نایەکسانی. کاتێک دەسەڵاتداران سامانی زیاتر لە چنگی خۆیاندا کۆدەکەنەوە، کۆمەڵگە لاواز دەکەن و گەندەڵی و هەژاری بڵاودەبێتەوە. دواجار، کارەساتێکی وەک نەخۆشی، جەنگ یان گۆڕانی کەشوهەوا دێت و کۆتایی بە هەموو شتێک دێنێت.
بۆچی داڕمانی ئەمجارە زۆر ترسناکترە؟
کێمپ دەڵێت داڕمانی شارستانییەتی ئەمڕۆی جیهان لەوانی رابردوو ناچێت و زۆر خراپتر دەبێت، لەبەر سێ هۆکار:
یەکەم: جیهان پێکەوە بەستراوەتەوە: لە رابردوودا داڕمانەکان ناوچەیی بوون، بەڵام ئەمڕۆ هەموومان لەنێو یەک سیستمی ئابووریی جیهانیدا دەژین. ئەگەر ئەم سیستمە بڕووخێت، هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە.
دووەم: خووگرتن بە سیستمەوە: لە رابردوودا خەڵک دەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ کشتوکاڵ و راوکردن، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەمان پشت بە کارەبا، ئینتەرنێت و ژێرخانی جیهانی دەبەستین و خوومان پێوەگرتوون. ئەگەر ئەمانە نەمێنن، ئێمەش لەنێودەچین.
سێیەم: هەڕەشەکان گەورەترن: لە رابردوودا جەنگەکان بە شمشێر و تفەنگ بوون، ئەمڕۆ چەکی ئەتۆمی هەیە. هەروەها هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوا، ژیریی دەستکرد و رۆبۆتی بکوژ لە ئارادایە، کە زۆر لە هەڕەشەکانی رابردوو گەورەترن.
کێ لەم دۆخە بەرپرسە؟
کێمپ دەڵێت کێشەکە "سروشتی مرۆڤ" نییە، بەڵکو کێشەکە چەند دەستەیەکی بچووکی دەسەڵاتدارن، کە جیهان بەرەو کارەسات دەبەن. ئەو ئەم گرووپانە بە "بریکارەکانی مەرگ" ناودەبات:
• کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی چەک.
• کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا.
• کۆمپانیاکانی وزە (نەوت و گاز).
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی سەرکردە بەهێزەکانی جیهان کەسایەتیی "تاریکیان" هەیە (خۆپەرست، دەرووننەخۆش، فێڵباز).
چارەسەر چییە؟
سەرەڕای ئەوەی کە گەشبین نییە، کێمپ پێیوایە هێشتا دەرفەت هەیە بۆ رزگاربوون. چارەسەرەکان بریتین لە:
یەکەم: دروستکردنی دیموکراسیی راستەقینە: دەبێت دەسەڵات بگەڕێتەوە دەستی خەڵک و تەنیا سیاسەتڤانان تێیدا نەبن.
دووەم: نەهێشتنی نایەکسانی: دەبێت باجێکی زۆر لەسەر دەوڵەمەندەکان دابنرێت و سامان سنووردار بکرێت. ئەو پێشنیازی ئەوە دەکات، کە هیچ کەسێک نابێت لە 10 ملیۆن دۆلار زیاتری هەبێت. دەڵێت: "بۆچی دەبێت رێگە بدەین چەند کەسێک لەسەر حیسابی وێرانکردنی هەموو هەسارەکە یاری بە پارە بکەن؟"
کێمپ داوا لە تاکەکان دەکات، کە هاوکاریی تێکدانی جیهان نەکەن. دەڵێت: "کەسی خراپ مەبە. کار بۆ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا، چەک یان نەوت مەکە. دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی دیکە بەش بکە."
لە کۆتاییدا دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر هیواشمان نەبێت، گرنگ ئەوەیە بۆ شتی راست بجەنگین، بۆ دیموکراسی و بۆ ئەوەی خەڵک نەچەوسێنرێتەوە. تەنانەت ئەگەر سەرکەوتوو نەبین، لانیکەم ئێمە بەشێک نەبووین لە کێشەکە."
توێژەر لێکۆڵینەوەکەی بە ناونیشانی “Self-Termination Is Most Likely: The History and Future of Societal Collapse.” بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ