رووداو دیجیتاڵ
کوشتارگەی چەند رۆژی رابردووی سوودان ترسی خستووەتە دڵی جیهانەوە بەوەی گەڕێکی خوێناویی دیکەی شەڕ روودەداتەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، ناسراو بە (RSF)، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان حمێدتی دەگەلۆ، دەستیان بەسەر شارێکی ستراتیژیی هەرێمی دارفۆردا گرت و لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بوورهان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەریهێنا.
بەگوێرەی شایەتحاڵ، کارمەند و پزیشکانی سوودان، بەهۆی گەڕێکی نوێی شەڕی ناوخۆی سوودان، شەقامی شارەکان پڕیەتی لە تەرم و قاوشی نەخۆشخانەکان وەکو کوشتارگەیان لێهاتووە، خەڵکێکی زۆر هەیە لەکاتی ئاشکرابوونی شوێنی خۆحەشاردانیان راستەوخۆ کوژراون. لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سعودیە لە شاری فاشری باکووری سوودان، پەرستار و پزیشک لەگەڵ بریندارەکانی نێو نەخۆشخانەکە کوژراون.
چی لە شاری فاشری سوودان روودەدات؟
شاری فاشر کە پێشتر زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژیا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو 26ی تشرینی یەکەم، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە کۆنترۆڵ کرا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی دەستدرێژی و کوشتن بوونەتەوە و بەهۆی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو شارە، مەزەندە دەکرێت لانیکەم 3000 کەس کوژرابن، هەندێک لەو کوشتارگەیەش بە مۆبایل وێنە و ڤیدیۆیان گیراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
"بەهێزبوونەوەی چەکدارانی پشتیوانیی خێرا"
شەڕەکەی ئەمجارە تەنیا هەرێمی دارفوری نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەشێکی فراوانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە و ترس هەیە دەوڵەتی سوودان لەنێوببات.
لە نیسانی 2023، جەنگە خوێناوییەکە دەستیپێکرد، کاتێک درزێک لە لووتکەی دەسەڵاتی سەربازیی سوودان دروستبوو و ململانێییەکی تووند لەنێوان عەبدولفەتاح بوورهانی فەرماندەی گشتیی سوپا و حمێدتی رکابەری فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەریهەڵدا.
لە ساڵی 2019، دوای رووخانی رژێمی درێژخایەنی عومەر بەشیر، سوودان رووبەڕووی گێژاوێکی نوێی ناکۆکیی نێوخۆیی بووەوە، بەڵام لە ساڵی 2021 جەنەراڵ عەبدولفەتاح بوورهان، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوودان، لەگەڵ جێگرەکەی محەممەد حەمدان دەگالۆ کە بە حمێدتی ناسراوە، یەکیانگرت و دەسەڵاتێکی سەربازییان پێکهێنا.
بەڵام ئەو یەکگرتنە ناسکە درێژەی نەکێشا؛ حمێدتی کە لە رابردوودا لە هەرێمی دارفور بازرگانی وشتر بووە، هێزێکی تایبەتی بۆ خۆی بەناوی "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا" دامەزراند و ئیمپراتۆریەتێکی کانزای زێڕ و رێگەی قاچاخچێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروستکرد.
بەڵام کاتێک ژەنەڕاڵ بوورهان هەوڵیدا هێزەکانی پشتیوانیی خێرا تێکەڵ بە سوپا بکاتەوە، حمێدتی رەتیدەکاتەوە و هەریەکەیان ترسیان لێنیشت بەوەی ئەوی دیکە سەرقاڵی پیلانگیڕانە لەدژی ئەوی دیکە.
ناکۆکییەکەیان لە نیسانی 2023 لە خەرتوومی پایتەخت تەقییەوە. پاش ماوەیەکی کورت، شەڕ و پێکدادان بەشێکی زۆری وڵاتی گرتەوە و بە سەتان هەزار کەس کوژران و ئاوارە بوون.
دوای 18 مانگ لە شەڕ و کوشتار، هیچ لایەنێک نەیبردەوە. شاری خەرتوومی پایتەخت وێران بوو. ملیۆنان کەس هەڵاتن و ئاوارە بوون. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە 13 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و بە "گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا" وەسفی کرد.
ئێستا هێزەکانی پشتیوانیی خێرا زۆربەی هەرێمی دارفوری کۆنترۆڵ کردووە و سوپاش خەرتوومی پایتەخت و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی بەدەستەوەیە، لەنێویشیاندا پارێزگای ستراتیژیی بەندەری سوودان. هەریەکەیان ئەوی دیکە به ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار دەکات، خەڵکەکەش رووبەڕووی دۆخێکی نامرۆیی بوونەتەوە و بەدخۆراکی هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر منداڵانی سوودان دروستکردووە.
"دەستوەردانی دەرەکی"
دەستوەردانی دەرەکی و رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگە خوێناوییەکەی سوودان، ئەو ململانێیەی ئەوەندەی دیکە خراپتر کردووە. ئێستا هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، خاوەنی درۆن، تەلەفۆنی سەتەلایتیی پێشکەتوو و جبەخانەیەکی دەوڵەمەندن و ئیماراتیش تۆمەتبار کراوە بەوەی ئەو هاوکارییانەی بۆ دابین کردوون. سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کەلوپەلی سەربازیی بەریتانی لەدەست چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا گیراون، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەریتانیای لەو جەنگەدا تێوەگلاندووە.
لە بەرامبەردا، میسر کە لە ناسەقامگیری و شەڕ و کوشتاری سەر سنوورەکانی باشووری دەترسێت، پشتگیریی سوپای سوودان و ژەنەراڵ بوورهان دەکات. ئێرانیش درۆنی بۆ دابین کردووە و کۆمپانیاکانی بواری بەرگریی تورکیاش چەکیان بە سوپای سوودان فرۆشتووە.
گرووپی ڤاگنەری رووسیاش یاریزانێکی سەرەکییە لە بازرگانیی زێڕی سووداندا و مامەڵە لەگەڵ هەردوولای جەنگەکەدا دەکات، هەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە تائێستا هەڵوێستێکی دیاریکراویان بەرامبەر جەنگی ناوخۆی سوودان رانەگەیاندووە.
بەڵام رۆژی شەممە ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەرکۆنەی سەرهەڵدانەوەی جەنگەکەی کرد و رایگەیاند، "دڕندەیی و کوشتنی بەکۆمەڵ و برسێتی و دەستدرێژیی سێکسی، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتیشی، "هەروەک چۆن سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە غەززەدا بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سوودان و جەنگی مرۆیی ئەو وڵاتە، شکستی هێناوە."
کوپەر بەڵێنی دابینکردنی پێنج ملیۆن پاوەند هاوکاریی بۆ سوودان دا.
"پێشبینییەکان بۆ قەیرانی سوودان"
کۆنترۆڵکردنی شاری فاشر لە هەرێمی دارفۆر لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، بە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ترسی دابەشبوونی دەوڵەتی سوودان گەورەتر و نزیکتر دەکات.
بەم شێوەیەی ئێستا، بەشی رۆژئاوای سوودان کە بە زێڕ و کانزا دەوڵەمەندە، کەوتووەتە ژێر دەستی هێزەکانی حمێدتی. بەشی رۆژهەڵاتیش کە کەوتووەتە سەر دەریای سوور، لەژێر دەسەڵاتی سوپای سوودانە، بەڵام شارەزایانی سەربازی هۆشدارییان داوە، بەو دابەشبوونەش، جەنگی خوێناویی سوودان کۆتایی نایەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ