رووداو دیجیتاڵ
رنووی بەفر لە زنجیرەچیای دۆلۆمایتی ئیتاڵیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج شاخەوانی ئەڵمانی، لەنێویاندا کچێکی تەمەن 17 ساڵان و باوکی. رووداوەکە رۆژی شەممە روویدا و رزگارکەران رۆژی یەکشەممە دوایین دوو تەرمیان دۆزییەوە.
شاخەوانەکان سەرقاڵی هەڵزنان بەسەر چیای سیما ڤێرتانا بوون لە زنجیرەچیای ئۆرتلەردا، نزیکەی کاتژمێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە رنووی بەفر دەستیپێکرد.
فریاگوزاریی رزگارکردنی ئەلپاینی ئیتاڵیا رایگەیاند، گرووپێکی سێ کەسی "بە تەواوی لەلایەن رنووەکەوە راپێچ کران" و هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی هەمان رووداو، باوک و کچەکەش گیانیان لەدەستدا و رۆژی یەکشەممە 02-11-2025، تەرمەکانیان دۆزرانەوە. دوو شاخەوانی دیکە کە لە گرووپێکی دیکە بوون، رزگاریان بوو.
ئەو دوو شاخەوانەی رزگاریان ببوو، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردنەوە.
ئۆلاف راینشتادلەر، گوتەبێژی خزمەتگوزاریی رزگارکردنی شاخی سولدن، بە میدیای ئەڵمانیای گوت، رەنگە رنووەکە لە چیا 3,545 مەترییەکەدا بەهۆی ئەو بەفرە تازە باریوە بووبێت، کە بە باشی بە سەهۆڵی ژێرییەوە نەلکابوو.
راینشتادلەر گوتی، هەڵزنان زۆر بووە و کەشوهەواش باش بووە، بەڵام پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی شاخەوانەکان درەنگی پاشنیوەڕۆ سەرکەوتبوون، چونکە دابەزینەوەیان تاوەکو شەوی دەخایاند.
رۆژی یەکشەممە، بەهۆی تەم و کەمیی بینینەوە، هێلیکۆپتەرەکان نەیانتوانی دەستبەجێ بفڕن، بەڵام کاتێک بارودۆخەکە باشتر بوو، رزگارکەران و یەکەکانی سەگی فریاکەوتن بە هێلیکۆپتەر بۆ بەرزیی 2,600 مەتر بران.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، تەرمی باوک و کچەکە دۆزرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ