ترەمپ هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆسەر گرووپە ئیسلامییەکانی نایجیریا دەکات

02-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە سوپا کردووە، خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانی نایجیریا ئامادە بکەن. ترەمپ حکومەتی ئەو وڵاتەی بە شکستهێنان لە پاراستنی کریستیانەکان تۆمەتبار کرد. هاوکات رایگەیاند هەموو هاوکارییەک بۆ ئەو وڵاتە دەبڕێت. 
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، رێنمایی وەزارەتی جەنگی ئەمریکای کردووە خۆیان بۆ "ئەگەری هەنگاونان" ئامادە بکەن.
 
ئەو هۆشداری دا کە رەنگە سوپا بە چەکی ئاگرینەوە رەوانەی نایجیریا بکات، مەگەر حکومەتی نایجیریا دەستوەردان بکات و رایگەیاند، هەموو هاوکارییەک بۆ وڵاتەکە دەبڕێت، کە بە "وڵاتی ئابڕووچوو" وەسفیکرد. 
 
ترەمپ هەروەها نووسی: "ئەگەر هێرش بکەین؛ خێرا، بە زەبر و خۆش دەبێت، هەروەک چۆن چەتە تیرۆریستەکان هێرش دەکەنە سەر کریستیانە خۆشەویستەکانمان."
 
لە وەڵامی پۆستەکەدا، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا نووسی: "بەڵێ گەورەم. وەزارەتی جەنگ خۆی ئامادە دەکات. یان حکومەتی نایجیریا کریستیانەکان دەپارێزێت، یان ئێمە ئەو تیرۆریستە ئیسلامییانە دەکوژین کە ئەم دڕندەییە ترسناکانە دەکەن."
 
هەڕەشەکەی ترەمپ نیگەرانیی لە سەرانسەری نایجیریادا دروستکردووە. زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە حکومەت دەکەن شەڕی دژی گرووپە ئیسلامییەکان چڕتر بکاتەوە بۆ خۆلادان لە دۆخێک کە تێیدا هێزی بیانی رەوانەی وڵاتەکە بکرێت.
 
دانیال بوالا، راوێژکاری سەرۆکی نایجیریا، کە قەشەیەکی کریستیانە، رایگەیاند ترەمپ "شێوازێکی تایبەتی لە پەیوەندیکردندا" هەیە و نایجیریا قسەکانی بە مانای وشە وەرناگرێت.
 
ئەو گوتی: "دەزانین دڵ و نیازی ترەمپ ئەوەیە یارمەتیمان بدات لەو شەڕە،" هیوای خواست ترەمپ لە رۆژانی داهاتوودا چاوی بە سەرۆک تینوبو بکەوێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە.
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، نایجیریای وەک "وڵاتێکی جێی نیگەرانیی تایبەت" ناساندووە، بەهۆی ئەو "هەڕەشەیە"ـی لەسەر دانیشتووانە کریستیانەکەی هەیە و گوتی هەزاران کەس کوژراون، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.
 
دوای ئەم راگەیێنراوە بۆلا تینوبو، سەرۆکی نایجیریا رایگەیاند، حکومەتەکەی بە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانی هەموو ئایینەکان پابەندە.
 
گرووپە جیهادییەکانی وەک بۆکۆ حەرام و ویلایەتی ئیسلامی لە رۆژئاوای ئەفریقا زیاتر لە دەیەیەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا چالاکن و هەزاران کەسیان کوشتووە، بەڵام بەپێی گرووپی Acled، کە شڕۆڤە بۆ تووندوتیژیی سیاسی دەکات لە جیهاندا، "زۆربەی قوربانییەکان موسڵمان بوون."
 
لەلایەکی دیکە، لە نێوەڕاستی نایجیریادا، پێکدادانی بەردەوام لەنێوان شوانە موسڵمانەکان و جووتیارە کریستیانەکاندا هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە