ترەمپ هەڕەشەی ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ نەیجیریا دەکات؛ هۆکاری چییە؟

02-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ناردنی هێزی وڵاتەکەی بۆ نەیجیریا کرد و رایگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئەفریقییە رێگری نەکەن لە کوشتنی کریستیانەکان لەلایەن "ئیسلامییە تووندڕۆکانەوە"، ئەوا ناچار دەبێت ئەو هەنگاوە بنێت.
 
رۆژی شەممە 01-11-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی نەیجیریا کرد و رایگەیاند، داوای لە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی کردووە پلانێکی خێرا دابنێن بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارە تووندڕۆکانی نەیجیریا.
 
لەو پۆستەیدا، ترەمپ نووسیویەتی، "ئەگەر حکومەتی نەیجیریا بەردەوام بێت لە رێگەدان بە کوشتنی کریستیانەکان، ئەوا ئەمریکا دەستبەجێ هەموو هاوکارییەکانی بۆ نەیجیریا رادەگرێت، ئەگەریش هەیە هێز رەوانە بکەین بۆ لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستە ئیسلامییەکان، کە تاوانی دڕندانە و ترسناکیان کردووە."
 
لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "لێرەوە فەرمان بە وەزارەتی جەنگمان دەدەم، خۆیان بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆن ئامادە بکەن. ئەگەر هێرش بکەین، خێرا و تووند و کورت دەبێت، هەروەک چۆن چەتە تیرۆریستەکان هێرش دەکەنە سەر کریستیانە خۆشەویستەکان."
 
ئەم هۆشداریەی ترەمپ لەدوای پۆستەکەی رۆژی هەینی دێت، کاتێک بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند، "هەزاران کریستیان کوژراون و ئیسلامییە تووندڕۆکان بەرپرسیارن لەم کۆمەڵکوژییە."
 
ئەم هۆشداریەی سەرۆکی ئەمریکاش لەدوای ئەوە دێت، لە مانگی ئاداری رابردوو کریس سمیس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نەیجیریا بخاتە لیستی وڵاتانی "جێی نیگەرانیی تایبەت"، کە تایبەتن بەو وڵاتانەی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارن، ئەمەش ئەو هەنگاوە بوو، رۆژی هەینی لەلایەن ترەمپەوە راگەیێندرا و نەیجیریای تۆمەتبار کرد بەوەی "هەڕەشەی جیدی" لەسەر کریستیانەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.
 
لە سەرەتای مانگی رابردووش تێد کروز، سیناتۆری ئەمریکی و رایلی مۆر، ئەندامی کۆنگرێس، حکومەتی نەیجیریایان بەوە تۆمەتبار کرد کە چاوپۆشی لە کوشتنی کریستیانەکان دەکات. هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، کریستیانەکانی نەیجیریا رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.
 
بەڵام رۆژی شەممە بولا ئەحمەد تینوبو، سەرۆکی نەیجیریا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی تۆمەتەکانی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، "پێناسەی نەیجیریا وەک وڵاتێکی نالێبووردەیی ئایینی، رەنگدانەوەیەکی واقیعیی نیشتمانەکەمان نییە."
 
تینوبو دەشڵێت، "ئازادیی ئایینی و لێبووردەیی، بنەمایەکی سەرەکیی ناسنامەی کۆمەڵگەکەمان بووە و هەمیشە بەو شێوەیەش دەمێننەوە."
 
نایجیریا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، بەوە ناسراوە وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئایینییە و ناوچەکانی باکووری زۆرینەی موسڵمانە و ناوچەکانی باشووریش زۆرینەی کریستیانن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی نەیجیریا بە ناوەندی دەسەڵاتی گرووپی جیهادیی تووندڕۆی بۆکۆ حەرام ناسراوە، کە لە ساڵی 2009وە زیاتر لە 40 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی دیکەشی ئاوارە کردووە.
 
لە ناوچەکانی نێوەڕاستی نەیجیریا، زۆرجار شوانکارانی موسڵمان رووبەڕووی جووتیارانی کریستیان بوونەتەوە، هەرچەندە زۆر لە شارەزایان پێیانوایە ئەم کێشانە بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دروست دەبەن، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆربەی کێشەکان بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.