10 کەس بە چەقۆ لەنێو شەمەندەفەرێکی بەریتانیا بریندار کران

02-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، لەنێو شەمەندەفەرێکدا کە بەرەو لەندەن دەچوو، بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەر خەڵکەکە و 10 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، تەندروستیی 9 کەسیان ناجێگیرە.
 
پۆلیسی دژەتیرۆر هاوکاریی لێکۆڵینەوەکان دەکات و دوو کەسیش لەسەر هێرشەکە دەستگیر کراون.
 
پۆلیسی گواستنەوەی بەریتانیا، کە بەرپرسە لە ئاسایشی شەمەندەفەرەکان و سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات، بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دوو کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "10 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و پێدەچێت نۆ کەسیان برینەکانیان مەترسیدار بێت. رووداوەکە وەک 'رووداوێکی گەورە' سەیر دەکرێت و پۆلیسی دژەتیرۆر پشتیوانیی لێکۆڵینەوەکانمان دەکات لە کاتێکدا کاردەکەین بۆ زانینی وردەکاری و پاڵنەری پشت رووداوەکە."
 
هێزەکانی پۆلیس ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەرەتا باری نیشتمانیی "پلاتۆ" کارا کراوە، کە لەلایەن پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتنەوە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی "هێرشێکی تیرۆریستیی هەڕەمەکی"دا بەکاردەهێندرێت. دواتر ئەو بارە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام هیچ پاڵنەرێک بۆ هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.
 
کریس کەیسی، گەورە ئەفسەری پۆلیس گوتی، "ئێمە لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەین بۆ زانینی ئەوەی چی روویداوە و رەنگە هەندێ کاتی بوێت پێش ئەوەی بتوانین هیچ شتێکی دیکە پشتڕاست بکەینەوە. لە قۆناخێکی سەرەتایی وادا گونجاو نییە گریمانە لەبارەی هۆکارەکانی رووداوەکەوە بکرێت."
 
هێرشەکە لە کاتێکدا روویداوە کە شەمەندەفەرەکە لە دۆنکاستەرەوە بەرەو وێستگەی کینگز کرۆسی لەندەن دەچوو، لە نزیک هانتینگدۆن، کە شارۆچکەیەکە و چەند کیلۆمەترێک لە باکووری رۆژئاوای شاری زانکۆیی کەیمبریجەوە دوورە.
 
تیمەکانی فریاکەوتن، بە پۆلیس و ئەمبوڵانس و هێلیکۆپتەرەوە، بەخێرایی گەیشتنە شوێنەکە کاتێک شەمەندەفەرەکە گەیشتە هانتینگدۆن.
 
وا دیارە هێرشەکە بەخێرایی کۆنترۆڵ کراوە دوای گەیشتنی شەمەندەفەرەکە بە وێستگەکە، پۆلیسیش بە جلوبەرگی دادپزیشکی لەگەڵ سەگی پۆلیسیدا لەسەر سەکۆی وێستگەکە بینران.
 
پۆلیسی نێوخۆیی کەیمبریجشێر رایگەیاند، دوو گومانلێکراوەکە لە وێستگەکە دەستگیرکراون.
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند: "بیر و هۆشم لای هەموو ئەوانەیە کە بەهۆی ئەم رووداوە ترسناکەوە زیانیان بەرکەوتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا