رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کۆچی فیلاند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ هەزار و 13 هاووڵاتیی عێراقی و سووریایی داوای مافی پەنابەری و مانەوەیان لە فینلاند کردووە، پار ژمارەکە هەزار و 391 کەس بوو. دەشڵێت، ئەم ساڵ داوای 221 هاووڵاتیی عێراقی و 51 داوای هاووڵاتیی سووریاییان رەتکردووەتەوە.
ئاژانسی کۆچی فینلاند کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، ئەم ساڵ 651 داوای مافی مانەوە و پەنابەرییان لەلایەن هاووڵاتییانی عێراق و 362شیان لەلایەن هاووڵاتییانی سووریاوە پێشکێشکراوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە لەو داواکارییانەی لەلایەن عێراقییەکانەوە پێشکەش کراون، 439 داواکارییان قبوڵکردووە، هەروەها 215 داوای سووریاییەکانیان قبوڵکردووە. گوتیشی، ئێستا 200 داوای هاووڵاتییانی عێراق و 225 داوای هاووڵاتییانی سووریا لەبەر دەستە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ساڵ 146 هاووڵاتیی عێراقی، پار 175 و پێراریش 186یان دیپۆرتکردوونەتەوە. هەروەها ئەم ساڵ دوو هاووڵاتیی سووریایی، پێراریش 8 هاووڵاتیی سووریاییان دیپۆرتکردەوە.
فینلاند یەکێکە لە وڵاتانی سکەندەنافیا و ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە. ژمارەی دانیشتووانیشی 5.6 ملیۆن کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ