یەکەم وێنەی مادورۆ دوای دەستگیرکردنی بڵاوکرایەوە

دوێنێ کاژێر 07:30
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی بە هێلیکۆپتەر لە وڵاتەکەیان دەرهێنراون و گوێزراونەتەوە بۆ سەر کەشتییەکی سەربازی. ترەمپ دەڵێت "بۆ دادگاییکردن رەوانەی نیویۆرک دەکرێن."
 
رۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News) رایگەیاند: "ئەوان لەسەر کەشتییەکن و بەرەو نیویۆرک دەچن. هێلیکۆپتەرەکان دەریان هێنان."
 
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە مادورۆ و هاوژینەکەی لە نێو کەشتیی یوو ئێس ئێس ئایۆوا جیمادان  (USS Iwo Jima) و گوتی: "ئەوان لە کەشتییەکەدان. هێلیکۆپتەرەکان دەریان هێنان و گەشتێکی خۆشیان بە هێلیکۆپتەر هەبوو، دڵنیام چێژیان لێ بینیوە. بەڵام ئەوان خەڵکێکی زۆریان کوشتووە، ئەوەتان لەبیر بێت."
 
سەبارەت بەو دەرفەتانەی درابوونە مادورۆ بۆ ئەوەی دەسەڵات جێبهێڵێت، ترەمپ گوتی: "بە کورتی پێم گوت، دەبێت وازبهێنیت. دەبێت خۆت رادەست بکەیت."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا: مادورۆ پێشنیازەکانی رەتکردنەوە
 
هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤەنزوێلا ئەو پێشنیازانەی پشتگوێ خست کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێشکێشیان کرابوو. ڤانس دەڵێت، مادورۆ "نوێترین تازەترین کەسە بۆی دەربکەوێت کە ترەمپ لە قسەکانی رژدە."
 
ڤانس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرۆک چەندین رێگەی دەربازبوونی خستە بەردەمیان، بەڵام بە درێژایی پرۆسەکە زۆر روون بوو: بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەبێت بوەستێت و نەوتی دزراو دەبێت بۆ ئەمریکا بگەڕێندرێتەوە."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە پاساوی ئەمریکا کردەوە کە مادورۆ لە رووی یاساییەوە "هەڵاتووە" و گوتی: "ناتوانیت لە دادپەروەریی تایبەت بە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمریکا دەربازبیت، تەنیا لەبەرئەوەی لە کۆشکێکدا لە کاراکاس دەژیت."
 
کەشتیی (USS Iwo Jima LHD-7) ناوەکەی لە جەنگی خوێناوی "ئایۆوا جیما"ی ساڵی 1945 لە جەنگی جیهانیی دووەم وەرگیراوە، کاتێک هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا (مارێنز) بەرەو لووتکەی چیای سوریباچی لە ژاپۆن پێشڕەوییان کرد و ئاڵای ئەمریکایان لەسەر هەڵکرد. ئەوەش بووە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنە مێژووییەکان.
 
ئەم کەشتییە لە جۆری هێرشبەرە
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، کەشتیی ئایۆوا جیما لە دەریای کاریبی دەستی بە ئەرک کردووە و ئێستاش مادورۆ بۆ نیویۆرک دەگوازێتەوە.
 
ئەم کەشتییە ئەندامێکی سەرەکیی گرووپی ئامادەییی دەریاییە، کە نزیکەی دووهەزار سەربازی مارێنز لەخۆدەگرێت و بە چەندین جۆر فڕۆکەی سەربازی پشتیوانی دەکرێن، لەوانە (MV-22B Osprey) بۆ گواستنەوەی خێرای سەربازان و هێلیکۆپتەری (CH-53E Super Stallion) بۆ گواستنەوەی بارە قورسەکان.
 
کەشتییەکە وەکو فڕۆکەهەڵگرێکی بچووک کار دەکات کە رێگە بە فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەی جەنگیی وەک (AV-8B Harrier II) و (F-35B) دەدات.
 
کەشتییەکە لە شوباتی 2000 خرایە سەر ئاو و لە حوزەیرانی 2001 پەیوەندی بە کەشتیگەلی ئەمریکاوە کرد. درێژییەکەی نزیکەی 257 مەترە و توانای هەڵگرتنی نزیکەی 40 هەزار تۆن بار و کەرەستەی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دوای دەستگیرکردنی

سیخوڕی سی ئای ئەی لەنێو ماڵەکەی مادورۆ؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی مادورۆ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خۆی و ئەندامە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی لە یانەی کۆشکی مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا راستەوخۆ تەماشای هێرشەکەی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکا، ناسراو بە "دێلتا فۆرس"یان، دەکرد کە تێیدا سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد