رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی "هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای رەتکردەوە و بە زۆر مەترسیدار" ناویبرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند، "ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە تەنیا دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی ڤەنزوێلایە" و هیچی دیکە نییە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا دەڵێ، گەلی ڤەنزوێلا جارێکی دیکە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی نیشتمانیی خۆی دژی داگیرکەران دەوەستێتەوە.
هاوکات داوای لە هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وڵات کرد کە پلانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری چالاک بکەن بۆ رەتکردنەوەی ئەم "دەستدرێژییە"؛ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵات، پلانی بەرگریی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک ئامادە کردووە و باری نائاسایی لە وڵات راگەیاندووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 02:00 بە کاتی ناوخۆی ڤەنزوێلا (کاژێر 9:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر)، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند. هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، دەنگی فڕینی فڕۆکە بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی بیسترا، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتووانی پایتەختدا دروستکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا دەڵێ، جگە لە کاراکاسی پایتەخت، پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلارا کراونەتە ئامانج.
ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچی لەسەر هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە دەڵێت، ترەمپ فەرمانی کردووە کە هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ڤەنزوێلا.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، گرژیی نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدایە. حکومەتی ئەمریکا پێشتر هێزێکی دەریایی گەورەی وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە ناوی "دژە مادە هۆشبەرەکان" رەوانەی دەریای کاریبی کردبوو.
بەرپرسانی واشنتن چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "هەموو بژاردەکان" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی و ئابووریی ڤەنزوێلا لەسەر مێزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ