بایدن پشتگیریی واشنتن بۆ بەهێزکردنی ئابووریی عێراق بۆ سوودانی دەردەبڕێت

03-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ پتەوکردنی سەروەریی خاک و سەربەخۆیی عێراق. بەهێزکردنی ئابووریش پرسێکی دیکەی گفتوگۆی نێوانیان بوو.
 
شەوی پێنجشەممە، 2ـی شوباتی 2023، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بایدن و سوودانی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و دواتریش شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کە ئێستا لە واشنتنە، لەسەر داوای بایدن بەشداری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کردووە و سێقۆڵی دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
 
کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە کە بایدن، "پابەندیی ئەمریکا"ـی بۆ هاوکاریی عێراق بۆ سوودانی دووپاتکردووەتەوە و گفتوگۆیشیان لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە، هاوکات جەختیشی لە پابەندیی واشنتن بۆ رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بایدن ستایشی هەوڵەکانی سوودانی کردووە بۆ پتەوکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق. 
 
لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا، وەکو کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، هەردوو سەرکردە باسیان لە کارنامە ئابوورییەکەی سوودانی کردووە، تاوەکو دڵنیا بن لەوەی ئابووریی عێراق خزمەتی عێراقییەکان دەکات کە "ئەمەش سیاسەتێکە ئەمریکا پشتگیریی دەکات."
 
دواتر بایدن پێشوازی لە سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەمریکا کردووە کە ئامانج لێی باسکردنی زیاتری ئەو پرسانەیە. 
 
پاشان بایدن و سوودانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت جارێکی دیکە داعش ببێتە هەڕەشە بۆ سەر گەلی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و هەردووکیشیان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا لە هاوئاهەنگییەکی نزیکدا بن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەداوە لە گفتوگۆ سێقۆڵییەکەدا، شا عەبدوڵڵا، پشتگریی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردووەتەوە، ئەوەش لە رێگە پڕۆژەی ستراتیژیی هاوبەشانە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق.
 
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان بایدن و سوودانی لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی دۆلار لە عێراقەوە بەشێوەیەکی نایاسایی دەبرێتە ئێرانەوە کە پێشێلکردن و پێچەوانەی رێنوێنییەکانی ئەمریکایە بۆ سزاکانی لەسەر ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردەکە 19ـی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە

بۆردی ئاشتیی ترەمپ بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کۆدەبێتەوە

بڕیارە رۆژی 19ی ئەم مانگە، "بۆردی ئاشتی" بۆ چارەسەری پرسی غەززە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات. کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، ئەوەش دوای بانگێشتنامەیەکی فەرمیی کۆشکی سپی بۆ 26 وڵاتی جیهان.