رووداو دیجیتاڵ
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ناوچەی قائیمی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، کوژراو و برینداری لەنێو گرووپە چەکدارەکان لێکەوتەوە، بەرپرسانی ئەمریکاش هەڕەشەی بەردەوامیدان بەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان دەکەن.
هێرشەکەی ئەمریکا دەستبەجێ کاردانەوەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بەدوادا هات. لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە، هەڕەشەیەکە عێراق و ناوچەکە بەرەو ئەنجامی خراپ پەلکێش دەکات، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
هێرشەکان لە قائیم کرانە سەر کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی و سێ ماڵی ئەندامانی حیزبوڵڵا، بەهۆیەوە حەوت چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون، لەوانە عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتیی لۆجستیی حەشدی شەعبی.
هەر لە ئەنبار لە عەکاشات و سکەک، چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج، دەگوترێت دوو هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 25 چەکدار و سیڤیلیش بریندار بوون.
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا دەڵێن ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپەکان بەردەوام دەبن. جۆی بۆچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند "پێموایە هێرشەکان دەچنە هەفتەی داهاتووش، چەند رۆژێک دەخایەنێت. چەند رۆژێک دەبێت نەوەک چەند هەفتەیەک، هیوادارم هێرشەکان گەورەتر و بەهێزتر بن، لەوە تووندتر بێت و (ئەمریکا) هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی، گرنگن چونکە ئەو ئامانجانەی ئێستا هیچ گرنگییەکیان نییە."
جۆن کێبری، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش رایگەیاند، پێش ئەنجامدانی هێرشەکان، حکومەتی عێراقیان لە هێرشەکان ئاگادارکردووەتەوە.
بە گوتەی ئەمریکا ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو.
لە یەکەم کاردانەوەی گرووپە چەکدارەکانیشدا، ئەبو ئالا وەلائی، سەرۆکی کەتیبەکانی سەیدوشوهەدا هۆشداری دا بە هەریەک لە سعودیە، کوێت و ئوردن کە بە گوتەی ئەو، هێرشەکان لەو وڵاتانەوە کراونەتە سەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ