رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، "بەرەوپێشچوون" لە گفتوگۆکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە هەیە، لە کاتێکدا بڕیارە رۆژی سێشەممە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبێتەوە.
ترەمپ پێش بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی لە مارالاگۆی ویلایەتی فلۆریدا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "گفتوگۆکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە بەرەوپێش دەچن. بنیامین نەتەنیاهوو سێشەممە دێت و پێم وایە هەندێک کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان دەبێت".
رۆژی یەکشەممە، نەتەنیاهوو پێش بەڕێکەوتنی بەرەو ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە "پرسە گرنگەکان"ی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ لە واشنتن تاوتوێ بکات، لەنێویاندا، "سەرکەوتن بەسەر حەماس".
نەتەنیاهوو گوتی، یەکێک لە پرسەکانی دیکە "ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و مامەڵەکردنە لەگەڵ بەرەی تیرۆری ئێرانی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".
نەتەنیاهوو هەروەها جەختی کردەوە کە بەرەی ئێرانی "هەڕەشە لە ئاشتیی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەکات".
محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رۆژی یەکشەممە، گرنگیی پابەندبوونی لایەنەکانی بە جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی گفتوگۆکانی دووپات کردەوە.
میدیای ئیسرائیلی، رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لە کەرتی غەززە، ئەگەر گفتوگۆکان سەبارەت بە قۆناخی داهاتووی رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و گیراوەکان شکست بهێنێت.
میدیای ئیسرائیل لە سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ سیناریۆی دەستپێکردنەوەی جەنگ، ئەگەر گفتوگۆکان شکستبێنن و لەو ئەگەرەدا ستراتیجی هێرشەکانی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی تووندتر بن بەراورد بە هێرشەکانی پێشوو.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، ئەگەر کار بگاتە ئەوە، لیوا رۆمان گۆڤمان سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرێتە ئەستۆ بۆ جێبەجێکردنی روانگەی سەربازیی ئیسرائیل و "لەنێوبردنی حەماس".
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، بڕیارە گۆڤمان، راوێژکاری سەربازیی نەتانیاهوو، وەک فەرماندەی نوێی فەرماندەیی باشوور دابمەزرێت، بۆ ئامادەکاریی نوێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دەستپێکردنەوەی جەنگ ئەگەر گفتوگۆکان شکستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ