رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە مۆسکۆ بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چواری دیکە، میدیای رووسیا رایگەیاند، لەنێو قوربانییەکان کەسیاتییەکی ئۆکراینی هەیە.
ئارمێن سارکیسیان، بەرپرسێکی پێشووی بۆکسینگی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە هێزێکی تایبەتی بۆ شەڕکردن دژی کیێڤ دامەزراندبوو، لەنێو بریندارەکاندایە.
لەو کاتەوەی رووسیا دەستی بە هێرشە فراوانەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، رووسیا رووبەڕووی زنجیرەیەک تەقینەوە و هەوڵی کوشتنی بەرپرسە دیارەکان بووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تاس بە گەڕانەوە بۆ قسەی بەرپرسانی تەندروستی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-2-2025)ـدا، "کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون"، بریندارەکان لە دۆخێکی مەترسیدارن.
سەرەتا میدیای رووسی باسی لەوە دەکرد، سارکیسیان کە سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی بۆکسینگی جوداخوازانی لە شاری گۆرلیڤکای رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکرد، لە تەقینەوەکەدا کوژراوە، بەڵام دواتر روونیکردەوە کە رزگاریبووە.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی یاسایی دەڵێت "سارکیسیان لە نەخۆشخانەیە. دۆخی بە زۆر مەترسیدار دەبینرێت."
ئاژانسی هەواڵی ریا نۆڤۆستی لە زاری بەرپرسێکی فریاکەوتنەوە رایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی "بۆمبێکەوە"ـەوە بووە.
بەگوێرەی میدیای رووسی، سارکیسیان لە ساڵی 2022 هێزێکی بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا دامەزراند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ