رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 کڵاودیا شێنبۆم پاردۆ، سەرۆکی مەکسیک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "گفتوگۆیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کرد کە رێزێکی زۆری بۆ پەیوەندییەکەی نێوانمان و سەروەریمانی تێدابوو."
خانمە سەرۆکەکە رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر چوار خاڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن، کە بریتین لە: مەکسیک رێگە دەدات ئەمریکا 10 هەزار پاسەوانی نیشتمانی لە باکووری وڵاتەکە بڵاوەپێبکات، بۆ ئەوەی رێگە لە بە قاچاخبردنی دەرمانی هۆشبەر، بەتایبەت فێنتانیل، لە مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا بگرن.
دووەم، ئەمریکا پابەند دەبێت بە کارکردن بۆ رێگەگرتن لە بە قاچاخبردنی چەکی بەهێز لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک.
سێیەم، تیمی هەردوو وڵات کار لەسەر ئاسایش و بازرگانی دەکەن.
چوارەم، ئەمریکا لەمڕۆوە بۆ ماوەی مانگێک هیچ پێناسێکی گومرگی بەسەر مەکسیک ناسەپێنێت.
رۆژی 01-02-2025 دۆناڵد ترەمپ جەنگی ئابووری لە دژی کەنەدا، مەکسیک و چین راگەیاند. سەرۆکی ئەمریکا، لە فەرمانێکی نوێیدا، 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک بەهۆی ئەوەیە، ئەو وڵاتانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئەمریکا دروست کردووە لەبارەی پرسەکانی کۆچبەری نایاسایی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر.
دوای پۆستەکەی لە ئێکس، شێنبۆم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی: "گفتوگۆکەم لەگەڵ ترەمپ درێژ بوو، باسی چەند پرسێکمان کرد کە بەرژەوەندیی هاوبەش بوون. داوام لە سەرۆک ترەمپ کرد لە راگرتنی بە قاچاخبردنی چەک لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک، یارمەتیمان بدات.
ترەمپ قسەکانی سەرۆکی مەکسیکی پشتڕاستکردەوە و گوتی، پێناسی گومرگی بۆ ماوەی مانگێک لەسەر مەکسیک دەوەستێت. "هیوادارین لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەشداریی لە دانوستاندنەکان بکەین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن."
هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە 20ـی مانگی رابردوو، ترەمپ گوتی، وشەی (پێناسی گومرگی - Tarrif) یەکێکە لە جوانترین وشەکان. ئەو هەروەها لە یەکەم رۆژەوە باری لەناکاوی لەسەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ