رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هۆڵەندا بەڕێوەبچێت؛ 11 کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە لەسەر پارتە جیاوازەکان خۆیان بەربژێر کردووە، هەشتیان خەڵکی باشووری کوردستان و سێیەکەی دیکەش خەڵکی باکووری کوردستانن.
لە هۆڵەندا 342 شارەوانی هەن، هەر شارێک یان چوار بۆ پێنج گوند شارەوانییەکیان هەیە. ژمارەی ئەندامانی هەر شارەوانییەک بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە یان ناوچەکە دیاری دەکرێت و ماوەی هەر خولێکیش چوار ساڵە. لەنێو ئەندامە دەرچووەکانیشدا، سەرۆک و جێگری سەرۆکی شارەوانی لەلایەن شای هۆڵەنداوە دیاری دەکرێن.
هێمن حەوێزی، بەربژێری ژمارە دووی پارتی بانگەوازی کریستیان (پارتێکی پارێزگارە) لە شاری زۆتەمێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەمەوێت ئەزموونی خۆم لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنیان بەکاربهێنم".

هێمن حەوێزی ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت لە 10 ساڵی داهاتوودا کێشەی نیشتەجێبوون لە شارەکەیان چارەسەر بکەن و گرنگی بە نوێکردنەوەی باڵەخانە خزمەتگوزارییەکان بدەن، لەوانەش نەخۆشخانەکان.
ئاواز عەلی، یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرە کوردەکان لە شاری نێمیخن؛ ئەو بەربژێری ژمارە 9ـی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییە، کە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە.

سەبارەت بە بەرنامەی کارکردنی، ئاواز عەلی بە رووداوی گوت: "پاڵپشتی لەوە دەکەین، نابێ سنوورەکان کراوەبن، بەڵام پێویستە ئەوانەی دێنە هۆڵەندا بە پرۆسە، ئەزموون و پێویستی بێت". گوتیشی: "دەمەوێت کار بۆ ئاسانکردنی تێکەڵبوونی پەنابەران بە کۆمەڵگە بکەم".
نیرۆ دی بورە، گەنجێکی خەڵکی شاری سلێمانییە و بەربژێری ژمارە دووی پارتی بانگەوازی کریستیانە لە شاری ئیرمێلۆ.

بورە بە رووداوی راگەیاند: "کار بۆ ئەوە دەکەم ئاسانکاری بۆ کارسازان و وەبەرهێنەران بکرێت، چونکە باجێکی زۆر دەدەن، هاوکات کار بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەناخوازان دەکەم".
لەلایەکی دیکەوە دیار جاف، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی پارتەکانی کار و سەوزەکان لە شاری دێڵفە بەربژێری ژمارە چوارە.
دیار لەبارەی بەربژێربوونیەوە بە روووداوی گوت: "هاوپەیمانییەکەمان پاڵپشتیی سۆشیال دەکات و کار بۆ هاوکاریکردنی کەسانی کەمدەرامەت دەکەین، دەمانەوێت هەموو شتێک بۆ کەمدەرامەتەکان بەردەست بێت، لەوانە شوێنی وەرزشکردن بۆ خەڵکی هەژار".

دیار جاف باسی لەوەش کرد، پلانیان هەیە حکومەت و کەرتی تایبەت لە شارەکەیان ناچار بکەن کە 30٪ـی هەموو پڕۆژە و باڵەخانەیەکی نوێی نیشتەجێبوون بۆ سۆشیال دابنرێت، بۆ ئەوەی کەسانی هەژاریش بتوانن لە یەکەیەکی باشدا بژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ