رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا دەڵێ، پیاوێکی ئێرانی و ژنێکی رۆمانییان دەستگیرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیان دا بچنە نێو بنکەیەکی هێزی دەریایی شاهانە کە شوێنی جێگیربوونی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیە.
ئەم دوو کەسە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئایاری 2026، لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە نێو بنکەی فاسلەین لە سکۆتلەندا دەستگیرکران. بنکەکە ناوەندی سەرەکیی چەکی ئەتۆمیی بەریتانیایە و چوار ژێردەریایی تێدایە کە مووشەکی بالیستیی جۆری "ترایدێنت"یان هەڵگرتووە.
پۆلیسی سکۆتلەندا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پیاوێکی ئێرانیی تەمەن 34 ساڵ و ژنێکی رۆمانیی تەمەن 31 ساڵ دەستگیرکراون." بڕیارە هەردوو کەسەکە رۆژی دووشەممە لە شارۆچکەی "دەمبارتۆن" لە سکۆتلەندا ببرێنە دادگە.
پۆلیسی بەریتانیا، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی و ئەندامانی پەرلەمان، لەمێژە هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی هەڕەشەی سیخوڕیی ئێران لە نێو بەریتانیا. ئەم رووداوەش ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە کە رەنگە بەریتانیا بەهۆی رۆڵەکەی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ببێتە ئامانج.
لەندەن رێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا داوە دوو بنکەی وڵاتەکەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دژی تاران بەکاربهێنن، ئەوانیش بریتین لە بنکەی فێیەرفۆرد لە ئینگلتەرا و دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی. حکومەتی بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە تەنیا بۆ مەبەستی "بەرگرییە".
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی بەهۆی رێگەدان بە بەکارهێنانی ئەو بنکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، "ژیانی هاووڵاتییانی بەریتانیای خستووەتە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ