زیلینسکی: بەبێ گەرەنتیی ئەمنی، ئاگربەست شکست دەهێنێت

03-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە میدیای بەریتانیای گوت، هەر ئاگربەستێک بەبێ گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا، نابێتە هۆی راگرتنی "داگیرکارییەکەی رووسیا" و شکست دەهێنێت.
 
لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی لە لەندەن، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، زیلینسکی رایگەیاند، ئاگربەست بەس نییە و نابێتە هۆکاری وەستانی یەکجارەکیی جەنگ.
 
دوای تەواوبوونی لووتکەکەی لەندەن، کە لەسەر دۆخ و قەیرانی ئۆکراینا بوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، فەرەنسا و بەریتانیا پێشنیازی یەک مانگ ئاگربەست، "لە ئاسمان، دەریا و ژێرخانی وزە" دەکەن.
 
زیلینسکی پێش جێهێشتنی بەریتانیا، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەگەر ئۆکراینا ناچاری ئاگربەستێک بکرێت کە هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی نەبێت، ئەوە بۆ هەمووان دەبێتە شکست."
 
سەرۆکی ئۆکراینا پێشبینی ئەوەی کرد، رووسیا رێککەوتنەکە دەشکێنێت و ئۆکرایناش وەڵامی دەداتەوە. ئەو هەروەها گوتی: "خەیاڵ بکەن دوای هەفتەیەک [لە ئاگربەست]، رووسەکان لێمان دەدەن، ئێمەش تەقە لەوان دەکەین، چی روودەدات؟ شەڕێکی چەندین ساڵە لەسەر بنەمای کێ یەکەم تەقەی کردووە. ئەی کێ سوود وەردەگرێت؟ بێگومان رووسەکان، نەوەک ئێمە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا لووتکەکەی لەندەنی رۆژی یەکشەممەی بە "دەستپێکێکی بەهێز" ناوبرد و گوتی: "دانوستاندنی چەند هەفتەی داهاتوو بەڵگەی پلانێکی زیاتر کرداریی و تێگەیشتنێکی باشترە لەوەی، گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا چ مانایەک دەدات."
 
رۆژی هەینی زیلینسکی لە کۆشکی سپی بوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانسی جێگرەکەی کۆبووەوە؛ سەرۆک و جێگرەکەی، سەرکۆنەی زیلینسکییان کرد کە "سوپاسگوزار" نییە و لە دژی قبووڵکردنی ئاگربەستە، زیلینسکی ئەوکاتیش گوتی، گەرەنتیی ئاسایشی دەوێت.
 
دوای مشتومڕەکە زیلینسکی کۆشکی سپی جێهێشت و هیچ رێککەوتنێک لەسەر هیچ شتێک نەکرا.
 
چەند کۆمارییەکی باڵای ئەمریکا پێشنیازیان کرد زیلینسکی دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ئێمە پێویستیمان بە سەرکردەیەکە کە بتوانێت لەگەڵ ئێمە و رووسیا رێکبکەوێت و ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت."
 
زیلینسکی لە وەڵامدا گوتی، هاتنە خوارەوەی ئەو هێندە ئاسان نییە، بەڵام ئامادەیە دەست لەکاربکێشێتەوە ئەگەر وڵاتەکەی ببێتە ئەندامی ناتۆ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە