رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 48 کاژێری یەکەمی جەنگی دژی ئێراندا زیاتر لە 1250 ئامانجیان پێکاوە. دەشڵێت: "هێرشەکان بنکە مووشەکییەکان و هێزی دەریایی تارانیان کردووەتە ئامانج."
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا راپۆرتێکی نوێی دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو ئامانجانە کراوە کە پێکراون؛ لە رۆژی یەکەمدا هەزار ئامانج بوون و لە 48 کاژێری یەکەمدا گەیشتوونەتە 1250 ئامانج.
ئامانجەکان چی بوون؟
بەپێی راپۆرتەکەی سێنتکۆم، ئەو شوێنانەی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراون بریتین لە سەنتەرەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپا، بنکەکانی مووشەکی بالیستی، کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران و بنکەکانی مووشەکی دژە کەشتی.
ئەمریکا بۆ پێکانی ئەم ئامانجانە سوودی لە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی سەربازیی پێشکەوتوو وەرگرتووە کە لە دەریای سوور، کەناراوەکانی عومان و کەناراوەکانی ئیسرائیل جێگیر کراون.
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووەم تاوەکو ئێستا لەو هێرشانەدا 49 سەرکردەی باڵای ئێرانییان کوشتووە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی داوەتەوە و ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووەتە ئامانج، بەتایبەتی لە عومان، کوێت و قەتەر، هاوکات چەندین مووشەکیشی ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیل کردووە.
ئێستا ناوچەکە لە نێوان هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و وەڵامدانەوەکانی تاراندا، لە ناو جەرگەی شەڕێکی گەورەدایە، کە سێنتکۆم دەڵێت بەردەوام دەبێت تاوەکو تێکشکاندنی تەواوی تواناکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ