جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و فریدریچ مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: REUTERS/Jonathan Ernst
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە فریدریچ مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کرد. دیدارەکە یەکەم کۆبوونەوەی ترەمپ بوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتێکی دیکە لەوەتەی هێرشی سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و، پریشکی شەڕەکەش بەر چەندین وڵاتی ناوچەکە کەوتووە.
دیدارەکە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو بۆ باسکردنی جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندیی بازرگانیی ئەورووپا و ئەمریکا، بەڵام هێرشی سەر ئێران بووە تەوەر و ئەجێندای سەرەکیی گفتوگۆکە، بەتایبەت کە ترەمپ رایگەیاندووە ئەو هێرشانە رەنگە چوار هەفتە بەردەوام بن و چوار رۆژە شەڕەکە بەردەوامە.
ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مێرتز رایگەیاند، "بە بڕوای من، خراپترین سیناریۆ ئەوەیە کەسێکی دیکە بێتە دەسەڵات کە وەکو ئەوەی پێشوو (عەلی خامنەیی) خراپ بێت، رەنگە ئەوە رووبدات، ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاش رایگەیاند، دڵتەنگە کە کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نەچووەتە پاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تەنیا رێگەی داوە بنکەکانی بەکاربهێنن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "دڵخۆش نیم بەو هەڵویستەی بەریتانیا، سێ چوار رۆژی ویست تاوەکو بزانین لە کوێ فڕۆکەکانمان بنیشنەوە، ئەوە وینستن چەرچڵ نییە کە ئێمە کارمان لەگەڵ کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەگەر ئەوان هێرشیان نەکردبایەتە سەر ئێران، "ئەوان هێرشیان دەکرد و دەستپێشخەر دەبوون."
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "هیواخوازین بە زوویی کۆتایی بە جەنگەکە بێت، چونکە زیان بە ئابووریمان دەگەیێنێت."
مێرتز لە دەرگەیەکی لاوەکییەوە چووە نێو کۆشکی سپی، بەبێ هەڵکردنی هیچ ئاڵا و رێوڕەسمێک کە پێشتر کۆشکی سپی بۆ پێشوازیی سەرکردەکان دایدەنا لە دەرگای رۆژئاوای کۆشکی سپی.
مێرتز رەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی ئێرانە و وڵاتەکەشی بە هاوبەشی 'بووژانەوەی خەڵک' دانا و رایگەیاند، "رژێمی مەلاکان خەریکە کۆتاییان دێت، رەتیشیکردووەتەوە هیچ سەرزەنشتێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بکات لەسەر رەوایی ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئێران کراون، بەتایبەت کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، هێرشەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی تارانە.
ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاندووە، هاوکاریی هاوپەیمانانیان دەکەن لە کەنداو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام ئەم هەڵوێستە رووبەڕووی رەخنەی بەرپرسانی ئەمریکا بووەوە و بە هەڵوێستێکی 'لاواز' دایدەنێن لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەمریکا ناوی ناوە 'داستانئاسا.'
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، 8 سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا رێککەوتوون لەسەر پلانێکی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی کۆگە ئەتۆمییەکانی فەرەنسا بۆ بەرگریکردن لەو کیشوەرە و پاراستنی ئاسایشەکەی، ئەڵمانیاش 'هاوبەشی سەرەکیی' ئەو هەوڵە دەبێت.
سەرەتای دروستکردنەوەی متمانە؟
هەردوو سەرکردە، ترەمپ و مێرتز، کۆمەڵێک ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام سەرکردەکەی ئەڵمانیا لەوەتەی دەسەڵاتی وەرگرتووە، توانیویەتی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ترەمپ بپارێزێت و تووڕەی نەکات، هەنگاوی سەرەکیشی لەوەدا جێبەجێکردنی داوای ترەمپ بوو لە بەرزکردنەوەی خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپا لەنێو ناتۆ و وەبەرهێنانی گەورەی ئەڵمانیا لەو بوارەدا، بەڵام هەردوولا لەسەر شەڕی ئۆکراینا هێشتا بۆچوونیان زۆر جیاوازە، سەرکردەکانی ئەورووپا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن لە رێگەی پشتیوانیی هێرشەکەی ئەمریکا متمانەی سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ