رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی "دوایین و باشترین هەلی" واشنتنە بۆ رێگری لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە جەنگ چووەتە رۆژی سێیەمەوە و ئاڵۆزییەکان تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
ئێران: هەر کەشتییەک بە هورمزدا تێپەڕێت دەیسووتێنین
سەردار جەباری، فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی تەلەگرامی فەرمیی پاسدارانەوە هەڕەشەی "سووتاندنی هەر کەشتییەک"ـی کرد کە بیەوێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت. جەباری گوتی: "ئێمە هێرش دەکەینە سەر بۆرییەکانی نەوتیش و رێگە نادەین یەک دڵۆپە نەوت لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. نرخی نەوت لە رۆژانی داهاتوودا دەگاتە 200 دۆلار."
روبیۆ: دەمانزانی ئیسرائیل هێرش دەکات
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دوای ئەوە بڕیاری هێرشی دا کە زانی هاوپەیمانەکەی (ئیسرائیل) بە تەنیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ لێدانی ئێران. روبیۆ گوتی: "دەمانزانی ئەگەر پێشوەختە و پێکەوە هێرش نەکەین، هێزەکانمان لە ناوچەکە رووبەڕووی وەڵامدانەوەیەکی تووند و قوربانیی زۆر دەبنەوە."
قەتەر فڕۆکەی ئێرانی خستە خوارەوە
لە پێشهاتێکی بێوێنەدا، هێزی ئاسمانیی قەتەر دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئێرانی لە جۆری (Sukhoi Su-24) خستە خوارەوە. ئەمە یەکەمجارە وڵاتێکی کەنداو فڕۆکەی ئێرانی بپێکێت. قەتەر هەروەها بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی (LNG) راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هێرشەکانی فراوان کرد بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و ئیمارات.
ترەمپ: 4 ئامانجمان هەیە و هێرشی زەمینی رەتناکەینەوە
ترەمپ لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، 4 ئامانجی سەرەکیی بۆ جەنگەکە دیاریکرد:
لەناوبردنی توانای مووشەکیی ئێران.
تێکشکاندنی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئێران.
دڵنیابوونەوە لەوەی گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆر نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رێگریکردن لە رژێمی ئێران لە پڕچەککردن و دابینکردنی بودجە بۆ میلیشیاکانی دەرەوەی سنوورەکەی.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (New York Post) سەبارەت بە ناردنی سەرباز بۆ ناو خاکی ئێران گوتی: "من وەک سەرۆکەکانی پێشوو ناڵێم هیچ سەربازێک ناچێتە سەر زەوی [خاکی ئێران]، من بژاردەی هێرشی زەوینی رەتناکەمەوە."
سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە تەنیا لە 48 کاژێری یەکەمی جەنگەکەدا، زیاتر لە 1,250 ئامانجیان لە ناو ئێران پێکاوە، لەوانە ناوەندەکانی فەرماندەیی، بنکەی مووشەکی بالیستی، کەشتی و ژێردەریاییەکانی ئێران.
تاران بانگەشەی ئەوە دەکات، بنکەی ئەتۆمیی (نەتەنز) بۆردومان کراوە، هەرچەندە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێ، بەڵگەی پێکان لەو بنکەیەدا نییە.
کاردانەوە هەرێمییەکان
لوبنان: پێکدادانی تووند لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر هێڵی شین بەردەوامە. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
عێراق: بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، دەیان هاووڵاتیی عێراقی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و پێکدادان لە نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ