رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەھەڵگری جێراڵد فۆرد، کە بەشدارییەکی سەرەکی لە هێرشەکانی سەر ئێراندا هەبووە، خاکی وڵاتی کرواتیای جێھێشتووە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بە مەبەستی چاککردنەوە لەو وڵاتە لەنگەری گرتبوو.
هێزی دەریایی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەم کەشتییە کە بە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەھەڵگر لە جیهاندا دادەنرێت، هەموو کارە چاکسازییەکانی بۆ کراوە و پێداویستیی لۆجستیی نوێی پێ گەیشتووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کەشتییەکە لە ئامادەیی تەواودایە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە هەر ناوچەیەک بێت کە خزمەت بە ئامانجە نیشتمانییەکان بکات،" هەرچەندە واشنتن شوێنی داهاتووی کەشتییەکەی دیاری نەکردووە.
کەشتیی جێراڵد فۆرد پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوبات، لە دەریای نێوەڕاست جێگیر کرابوو. بەڵام رۆژی 12ـی ئادار، ئاگر لە ناو بەشی جلشۆی کەشتییەکەدا کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی دوو دەریاوان و زیان گەیاندن بە نزیكەی 100 جێگەی خەوتنی سەربازەکان.
جگە لە ئاگرەکە، راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کەشتییەکە بەدەست کێشەی "سیستمی ئاودەست و ئاوەڕۆ"وە دەیناڵاند، کە ببووە هۆی دروستبوونی ریزی درێژ لەبەردەم دەستشۆرەکاندا لە کاتی مانەوەی لە ناو دەریا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە زنجیرەیەک هێرشی چڕیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە دوو کەشتیی فڕۆکەھەڵگری زەبەلاحی (جێراڵد فۆرد) و (ئەبراهام لینکن)ی رەوانەی ناوچەکە کردبوو. کەشتیی فڕۆکەھەڵگری جێراڵد فۆرد تاوەکو ئێستا بۆ ماوەی 9 مانگی رەبەق لە ناو دەریادا ماوەتەوە و وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ