زیلینسکی: ئۆکراینا ئامادەیە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز هاوکاریی وڵاتانی کەنداو بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە بکات بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە رێڕەوەکەی داخست و ئابووری جیهانی تووشی شڵەژان کرد.
 
رۆژی هەینی 3ـی نیسانی 2026، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە لێدوانێکدا بۆ کۆمەڵێک لە رۆژنامەڤانان رایگەیاند: "هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای هاوکاریی لێ نەکردووین سەبارەت بە پرسی تەنگەی هورمز، بەڵام من لە سەردانەکانمدا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداو پێمگوتوون: ئۆکراینا ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک کە پەیوەندی بە بواری بەرگرییەوە هەبێت."
 
ئەم پێشنیازەی زیلینسکی دوای ئەوە دێت کە ئێران لە کاردانەوەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنگەی هورمزی داخستووە. ئەم هەنگاوەی تاران هەڕەشەی جیددی لەسەر دابینکردنی وزە و سووتەمەنی دروستکردووە و بازاڕە جیهانییەکانی شڵەژاندووە.
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بە وردەکاریی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی نەکرد، بەڵام تیشکی خستە سەر ئەزموونی وڵاتەکەی لە دەریای رەش، کاتێک توانییان گەمارۆکانی رووسیا بشکێنن و رێڕەوی کەشتیوانی و هەناردەکردنی دانەوێڵە سەرلەنوێ بکەنەوە.
 
ئۆکراینا، کە خۆی لە جەنگێکی سەختدایە لەگەڵ رووسیا، نایەوێت بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە فەرامۆش بکرێت. 
 
کیێڤ دەیەوێت ئەزموونی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو درۆنانەی کە هاوشێوەی درۆنە ئێرانییەکانن و رووسیا لە جەنگەکەدا بەکاریان دەهێنێت، پێشکێشی وڵاتانی کەنداو بکات.
 
هەفتەی رابردوو، زیلینسکی سەردانی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و رێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ وڵاتانی قەتەر و سعودیە واژۆ کرد. زیلینسکی دەڵێت: "پێموایە ئێمە بۆ ساڵانێکی زۆر تێڕوانینی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداومان بەرامبەر ئۆکراینا گۆڕی."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە