رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەکارهێنانی هێز بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دواخرا کە بڕیار بوو ئەمشەو بکرێ.
بڕیاربوو ئەنجوومەنە 15 ئەندامییەکە بەیانی هەینیی بە کاتی نیویۆرک، واتە ئەمشەو بە کاتی هەولێر، دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارێک بدات کە لەلایەن بەحرێنەوە پێشکێش کراوە، بەڵام شەوی پێنجشەممە خشتەی کارەکان گۆڕدرا.
بەگوتەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، هۆکاری دواخستنەکە ئەوە بووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی، 3ی نیسانی وەک پشووی فەرمی دیاری کردووە، هەرچەندە پێشتریش دەزانرا کە 3ی نیسان رۆژی پشووی "هەینیی پیرۆزە".
تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکی نوێ بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە دیاری نەکراوە.
لەوەتەی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە جەنگەکە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، تاران بۆ تۆڵەسەندنەوە تەنگەی هورمزی پەکخستووە و هەڕەشە لە هەناردەی نەوت دەکات، کە ئەمەش نرخی نەوتی لە جیهاندا بەرزکردووەتەوە و کێشەی بۆ ئابووریی جیهان دروستکردووە.
پڕۆژەبڕیارەکە چی تێدایە؟
پڕۆژەبڕیارەکە کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات و چەند جارێک هەموارکراوەتەوە بۆ رازییکردنی وڵاتانی دیکە، رێگە بە وڵاتان دەدات تەنیا یان پێکەوە، هێزی سەربازی بەکاربهێنن بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ داخستنی رێڕۆیەکە. بڕیاری لەو جۆرەش بۆ 6 مانگ کاری پێدەکرێ.
بۆ ئەوەی پاڵپشتیکارانی پڕۆژەکە بتوانن فەرەنسا، چین و رووسیا رازی بکەن، لە پڕۆژە نوێیەکەدا بە ئاشکرا باسی "بەکارهێنانی هێز بۆ شەڕ" نەکراوە، بەڵکو جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەر هێزێک بەکاربهێندرێت تەنیا بۆ "بەرگری" دەبێت.
سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، هێشتا دیار نییە ئایا رووسیا و چین، کە هەردووکیان مافی ڤیتۆیان هەیە و دەتوانن بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە، دەنگی پێدەدەن یان نا.
باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا و گوتی: "رێگەدان بە وڵاتان بۆ بەکارهێنانی هێز دەبێتەهۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە و کێشەی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە."
پێدانی مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی شتێکی دەگمەنە. پێشتر لە ساڵی 1990 رێگەی دا ئەمریکا هێرش بکاتە سەر عێراق بۆ رزگارکردنی کوێت و لە ساڵی 2011ش رێگەی دا ناتۆ هێرش بکاتە سەر لیبیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ