رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێران پلان و پێشنیازێکی نوێی بۆ واشنتن ناردووە، بەڵام دەڵێت پێناچێت قبووڵی بکەن، چونکە پێیوایە تاران هێشتا باجی تەواوی نەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: "بەم زووانە پێداچوونەوە بەو پلانەدا دەکەم کە ئێران تازە بۆی ناردووین، بەڵام ناتوانم بهێنمە پێش چاوم کە جێگەی قبووڵکردن بێت."
سەبارەت بە هۆکاری قبووڵنەکردنی پێشنیازەکە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوان [ئێران] هێشتا باجی گەورە و پێویستیان نەداوە لە بەرامبەر ئەوەی لە 47 ساڵی رابردوودا بەسەر مرۆڤایەتی و جیهاندا هێناویانە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ نووسیویەتی: "سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم پرسە! سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها پێش سەرکەوتنی بۆ نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی بۆ واشنتن، لە فڕۆکەخانەیەکی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دواتر زانیاریتان لەبارەیەوە پێدەدەم، ئێستا دەقە تەواوەکەم دەدەنێ."
هەردوو ئاژانسی نیمچە فەرمیی ئێران، تەسنیم و فارس، کە نزیکن لە سوپای پاسدارانەوە، بڵاویانکردەوە، تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی 14 خاڵیی داوەتە واشنتن، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی 9 خاڵیی ئەمریکا.
لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی پێشووتری ئێرانی رەتکردەوە، بەڵام دانوستاندنەکان هەر بەردەوامن و وا دیارە ئاگربەستە سێ هەفتەییەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی نوێی خستووەتەڕوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە بەشێوەیەکی ئاسایی پێنجیەکی بازرگانیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئەمریکا هۆشداریشی داوەتە کۆمپانیاکانی کەشتییەوانی کە ئەگەر پارە بە ئێران بدەن بۆ تێپەڕبوونی سەلامەت بەنێو تەنگەی هورمزدا، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە، ئەمەش گوشارێکی زیاترە لە ململانێی کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ