وردەکاریی پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا؛ ترەمپ چی دەڵێت؟

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئێران وردەکاریی ئەو پێشنیازە 14 خاڵییەیان بڵاوکردەوە کە تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، پێشکێشی ئەمریکای کردووە.
 
ئاژانسی تەسنیمـی ئێرانی بڵاویکردەوە، پێشنیازەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و داوای کۆتاییهێنانی هەمیشەیی "دوژمنکارییەکان" و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات. پێشنیازەکەی تاران لە رێگەی پاکستانی نێوەندگیرەوە رادەستی واشنتن کراوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی 9 خاڵیی ئەمریکا.
 
بە گوێرەی ئاژانسەکە، لە کاتێکدا پلانی واشنتن داوای راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی دوو مانگ دەکات، تاران داوا دەکات خشتەیەکی کاتیی 30 رۆژە دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکان و پێداگری دەکات کە دانوستاندنەکان لەبری ئاگربەستێکی کاتی، سەرنجیان لەسەر "کۆتاییهێنان بە جەنگ" بێت.
 
داواکارییەکانی ئێران لە پێشنیازەکەدا ئەمانەن:
 
- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی نزیک سنوورەکانی ئێران.
- پێدانی گرەنتی بۆ هێرشنەکردنەوە سەر ئێران لە داهاتوودا.
- هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران. 
- ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران.
- کەمکردنەوەی سزاکان. 
- پێدانی قەرەبووی دارایی لە بەرامبەر زیانەکانی جەنگ
- کۆتاییهێنان بە شەڕ لە چەندین بەرەی دیکە، لەنێویاندا لوبنان.
- دروستکردنی میکانیزمێکی نوێی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
 
ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران ئێستا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی بەرپرسانی ئەمریکایە لەسەر ئەو پێشنیازە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، پێشنیازەکەی تاران کە تاوەکو ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە رەتدەکرێتەوە، بریتییە لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، لەگەڵ دواخستنی دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ قۆناخێکی دیکە. ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێیوایە، دواخستنی پرسی ئەتۆمی گۆڕانکارییەکی گرنگە بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
 
بەپێی پێشنیازەکە، شەڕ بەو گرەنتییە کۆتایی دێت کە ئیسرائیل و ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش نەکەنەوە سەر ئێران، لە بەرامبەردا ئێران تەنگەکە دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکەی هەڵدەگرێت. دواتر دانوستاندن لەبارەی دانانی سنوور بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکرێت لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، بەو مەرجەی واشنتن دان بە مافی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانەدا بنێت، تەنانەت ئەگەر تاران رازی بێت بە راگرتنی پیتاندنەکەش.
 
رۆژی 28ـی شوبات، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی هاوبەشیان کردە سەر تاران و چەند شارێکی دیکە، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و چەندین فەرماندەی باڵا کوژران، ئێرانیش بە شەپۆلێک مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر ئـیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە. دواتر لە 8ـی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا و دانوستاندن لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، بەڵام شکستی هێنا.
 
هەڵوێستی ترەمپ چییە؟
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە لە ویلایەتی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەگەری هەیە" ئەمریکا دەست بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، هاوکات گەمارۆی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێرانیشی بە "زۆر دۆستانە" ناو برد. 
 
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پێشنیازەکەی تاران گوتی: "لە هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە ئاگادار کراومەتەوە و دەقە دروستەکەیم پێدەگات. بەم زووانە پێداچوونەوە بەو پلانەدا دەکەم کە ئێران تازە بۆی ناردووین، بەڵام پێموانابێت ئەو پلانە جێگەی قبووڵکردن بێت."
 
لە کۆتاییشدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران "گورزی زۆر قورسی بەرکەوتووە، و 20 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی تواناکانی دووبارە دروستبکاتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مووشەکێکی جۆری فاڵکۆن 9ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک

مووشەکێکی وێڵبووی ئیلۆن مەسک بە خێرایی 8700 کم/کاژێر خۆی بە مانگدا دەکێشێت

بەشێکی مووشەکێکی جۆری فاڵکۆن 9ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە بۆشایی ئاسماندا وێڵ بووە، پێشبینی دەکرێت بەم زووانە بە خێراییەکی نزیکەی 7 هەزار و 700 کیلۆمەتر خۆی بە مانگدا بکێشێت.