رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە؛ بابەتی ئاسایش و ئابووری تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبن و چاوەڕوان دەکرێت هەردوو وڵاتەکەش پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
رۆژی هەینی، 2ـی ئایاری 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانەکەیدا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە دەکاتەوە و گوتی، "ئێمە سەرنجمان لەسەر داهاتووە؛ پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە، پەیوەندییەکی ستراتیژیی گرنگە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵ سعودییەکان لەسەر هەموو شتێک کۆکین یان ئەوان لەگەڵ ئێمە لەسەر هەموو شتێک کۆکن."
بلینکن، بەگوتەی کێربی، لە سعودیە، بە هاوبەشی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، میوانداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن و "باس لە هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ شکتسپێهێنانی داعش دووپات دەکەنەوە."
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوولا کرد.
لە دوای کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی سعودی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 و بڕیارەکەی ساڵی رابردووی سعودیە لە گروپی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پەیوەندیی نیوان واشنتن و ریاز ساردوسڕی تێکەوت.
ئەوە لە کاتێکدایە، سعودیە و ئێران رۆژی 10-03-2023، رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە وڵاتی یەکدی بکەنەوە.
ئەو رێککەوتنە کە بە نێوەندگیریی چین دروستبوو، چاوەڕێدەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ