رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا هەڵوێستی بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە نەگۆڕاوە. لەبارەی پرسی کورد لە باکووری کوردستانیش گوتی، "پێشتر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان لەسەر ئەو پرسە روونکردووەتەوە."
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە نەگۆڕاوە، پەکەکە لە ساڵی 1997ـەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە وەکو گرووپێکی تیرۆریستیی بیانی ناسێندراوە."
جگە لە ئەمریکا، چەندین وڵاتی دیکەی جیهان، لەنێویاندا کەنەدا، ژاپۆن، ئێران، سووریا، ئیسرائیل، بەریتانیا و نیوزیلاند پەکەکە بە "گرووپێکی تیرۆریستی" دەناسێنن و پێیانوایە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
لەبارەی پرسی کورد لە باکووری کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان لەسەر ئەو پرسە روونکردووەتەوە، چەندینجار ئەوەمان روونکردووەتەوە."
ئەمریکا تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ وەکو هاوبەشێکی گرنگ بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی سەیر دەکات، بەڵام ئەمریکا دان بە دانیشتووانی کورد لە تورکیا دەنێت و رایگەیاندووە، دەبێت ئازادیی کولتووریی کورد لە تورکیا بپارێزرێت و رێگە بە بەشداریی سیاسییان بدرێت.
رووداو لە ماتیۆ میلەری پرسی، هەڵوێستیان بەرامبەر لادانی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی چییە؟ لە وەڵامدا گوتی، "لەسەر ئەو بابەتە داوا دەکەم پرسیار لە حکومەتی تورکیا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ