رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی نوێی پۆرتوگال رایدەگەیێنێت، سیاسەتی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە کۆچبەران تووندتر دەکەن، ئەو یاسایەی پێشتر هانی کۆچبەرانی داوە بۆ کۆچکردن بۆ پۆرتوگال هەڵدەوەشێننەوە.
رۆژی دووشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2024، لویس مۆنتێنێگرۆ، سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال لە راگەیێندراوێکدا سیاسەتی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران راگەیاند و گوتی، حکومەت دەیەوێت ئەو زێدەڕۆییە لە پێشوازیکردنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی کۆتایی پێبهێنێت.
بەگوێرەی پلانە نوێکەی حکومەت، لەمەودوا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بە ڤیزەی کار بڕۆنە پۆرتوگال کە خاوەنی پیشەن، پێدانی ڤیزە قورستر دەکرێت و پێداچوونەوەی زیاتر بە داواکاری ئەو کەسانە دەکرێت کە داوای مافی مانەوە لە پۆرتوگال دەکەن.
پۆرتوگال بە یەکێک لە کراوەترین وڵاتەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕووی کۆچبەران دادەندرێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەکە لەدایکبوون و بوونەتە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەکە بۆ دوو هێندە زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران کە بۆ کارکردن روو لەو وڵاتە دەکەن.
حکومەتی نوێی پۆرتوگال کە دوای هەڵبژاردنەکانی ئاداری ئەمساڵ پێکهێندرا، بڕگەیەکی لە دەستووری وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، کە رێگەی بە کۆچبەران دەدا دوای ساڵێک کارکردن لەو وڵاتە، داوای وەڵاتینامەی پۆرتوگال بکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی کۆچبەرانی پۆرتوگال، ساڵی رابردوو، ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەکە لەدایکبوون و بوونەتە هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتە گەیشتبووە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، کە دەکاتە 10٪ـی دانیشتوانی پۆرتوگال.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە حکومەتی پۆرتوگال بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 180 هەزار کۆچبەر رەگەزنامەی پۆرتوگالیان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ