کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان: 642 ملیۆن کەس دەنگیان داوە

03-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان ئاماری شەش هەفتەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، 642 ملیۆن هاووڵاتی دەنگیان داوە و رۆژی 04ـی حوزەیرانیش دەنگەکان جیادەکرێنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 03-06-2024 راجیڤ کومار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان گوتی: "ریکۆردی جیهانیمان شکاندووە، 642 ملیۆن کەس لە هیندستان دەنگیان داوە، ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ هەموومان."
 
کومار گوتیشی: "ئەمە پیشاندانی هێزی دەنگدەرەکانی هیندستانە، دەبێت خەڵک لەبارەی هێزی دیموکراسییەتی هیندستانەوە بزانن."
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هیندستان، 968 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ٪66.3 دەنگیان داوە و ئەمەش لە ژمارەی دەنگدەرەکانی 2019 کەمترە. ئەوەی کۆمیسیۆن بەدڵخۆشییەوە باسیدەکات: "هیچ رووداوێکی گەورەی تووندوتیژی لەماوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا نەبووە."
 
رۆژی 19-04-2024 لە هیندستان گەورەترین هەڵبژاردنی جیهان دەستیپێکرد و ملیۆنان کەس چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکە 44 رۆژی خایاند و بە حەوت قۆناخ تەواو بوو؛ رۆژی 01-06-2024 دوایین رۆژی دەنگدان بوو. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هیندستان دەڵێت، رۆژی 04-06-2024 پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات.
 
1444 پارت و هاوپەیمانی بەشداریانکرد، کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە بۆ بەدەستهێنانی 543 کورسیی پەرلەمان بوو کە بە (لۆک سابا) ناسراوە و 968 ملیۆن کەس، واتە ٪70ـی دانیشتووانی هیندستان مافی دەنگدانیان هەبوو. بەگوێرەی دەستووری هیندستان، نابێت کورسییەکانی لۆک سابا لە 552 کورسی زیاتر بێت.
 
پێش ئەو هەڵبژاردنە، ریکۆردی گەورەترین و بەربڵاوترین هەڵبژاردنی جیهان لە ساڵی 2019 هەر لە هیندستان بوو، کە ئەوکات 912 ملیۆن کەس دەنگیان دا.
 
قۆناخەکانی هەڵبژاردنەکە لەم رێکەوتانە بەڕێوەچوون: قۆناخی یەکەم، 19ـی نیسان؛ قۆناخی دووەم، 26ـی نیسان؛ قۆناخی سێیەم، 7ـی ئایار؛ قۆناخی چوارەم، 13ـی ئایار؛ قۆناخی پێنجەم، 20ـی ئایار؛ قۆناخی شەشەم، 25ـی ئایار و قۆناخی حەوتەم و کۆتایی لە 1ـی حوزەیران بەڕێوەچوو.
 
دوو حیزبی گەورەی هیندستان کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنەکە کرد. پارتی گەلی هیندستان، [بەهاراتیا جەناتا] BJP کە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای هیندستان سەرۆکیەتی، لەگەڵ پارتی کۆنگرێسی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆن INC. 
 
دوو پارتە دیارەکەی هیندستان بانگەشەی هەڵبژاردنیان بۆ 769 بەربژێر کرد و بە گشتی چوار هەزار و 440 کەس لە هەموو پارت و لایەنەکان خۆیان بەربژێر کردبوو. ئەمە جگە لە سێ هەزار و 920 بەربژێری سەربەخۆ. کۆی گشتیی بەربژێرەکان هەشت هەزار و 360 کەس بوون.
 
حیزبەکەی مۆدی کە لە دوو خولی رابردوو زۆرینە بوو، ئێستاش زۆرینەی پەرلەمانە و 293 کورسی هەیە، رکابەرەکەشی لەلایەن مالیکارجوون کارجێ سەرکردایەتیی دەکرێت و 51 کورسی هەیە. هەر پارتێکی هیندستان پێویستی بە 272 کورسی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت.
 
هەریەک لە حیزبەکان سەر بە هاوپەیمانییەکن؛ پارتی گەل لە هاوپەیمانیی دیموکراتی نیشتمانییە، کە بە NDA ناسراوە و 34 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینە راستڕۆن. کۆنگرێسیش لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی هیندی بۆ گەشەپێدانی گشتگیر کە بە I.N.D.I.A ناسراوە و 23 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینە چەپن.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هیندستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکە بڕیاریدا رێگە بە نیڤشکان و ئەوانەی تەمەنیان لە 85 ساڵ زیاترە بدات لە ماڵەوە دەنگبدەن.
 
بابەتە گەرمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن خۆیان لە هەریەک لە: چاکسازیی ئابووری، دەستبەرکردنی هەلی کار، چاکسازیی کشتوکاڵ، ژێرخانی تەندروستی، چاکسازیی پەروەردەیی، بەرنامەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەرەوپێشبردنی ژێرخانی وڵات، خاوێنکردنەوەی حکومەت لە گەندەڵی، ئاسایشی نیشتمانی، پاراستنی ژینگە، گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و تێکەڵکردنی کولتوور و کۆمەڵگە دەبینیەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.