جیهان
سەربازێکی ئۆکراینی تۆپێک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستی رووسیا دەتەقێنێت لە نزیک ئاڤدیڤکا. وێنە: ئەرشیڤ/AP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا داوا لە هاوپەیمانەکانیان دەکەن ئازادیی زیاتر بە سەربازەکانیان بدەن بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئامانجە سەربازییەکانیان لەنێو خاکی رووسیا.
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 دمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤ گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار دەکەین بۆئەوەی مەودای هێرشەکان زیاتر بکەین."
هەفتەی رابردوو واشنتن رێگەی بە ئۆکراینا دا چەکەکانی رۆژئاوا بۆ هێرشکردنە سەر بەشێک لە ئامانجەکانیان لەنێو رووسیا بەکاربهێنن.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لەوبارەیەوە گوتی، ئەو رێگەپێدانە 100% هێزەکانی ئۆکراینا دەستکراوە ناکات و هێشتا هەندێک یاسا هەن کە دەبێت سەربازەکانی ئۆکراینا لەبەرچاویان بگرن.
پرسی رێگەدان بە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی رووسیا لەنێو خاکی ئەو وڵاتە بووەتە پرسێکی دابەشکەر لەنێو هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا، زۆربەیان دوودڵن لەوەی رێگە بە ئۆکراینا بدەن ئەو کارە بکات، چونکە ترسیان هەیە لەوەی ئەو هەنگاوە بەرەو بەریەککەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا پەلکێشیان بکات.
لە ماوەی رابردوودا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوشاری خستە سەر هاوپەیمانەکانی بۆئەوەی رێگە بە سوپای وڵاتەکەی بدەن چەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنن.
دوای شەش مانگ لە دواخستنی، لە نیسانی ئەم ساڵ کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاریی بە بڕی یەک ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا پەسند کرد، بەڵام ئیدارەی بایدن دوودڵ بوو لەوەی رێگە بە ئۆکراینا بدات بەو چەکانە هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی لەنێو خاکی رووسیا.
لە 31ی ئایار ئۆکراینا بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کرد رێگەی پێ بدات چەکەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بەکاربهێنێت.
لە دوو ساڵ و سێ مانگی جەنگی ئۆکراینادا، نزیکەی 60 وڵات بە بەهای 118 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە. وڵاتانی ئەورووپاش لەو ماوەیەدا، مەشق و راهێنانیان بە 50 هەزار سەربازی ئۆکراینی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەفتەی رابردوو هۆشداریی دا لە یارمەتییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا و گوتی، "نوێنەرانی ناتۆ، بەتایبەتی لە ئەورووپا و بەتایبەتتر وڵاتە بچووکەکان. دەبێت ئاگاداری ئەوە بن چۆن یاری دەکەن. دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەوان وڵاتێکی بچووکن پێش ئەوەی باس لە هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بکەن. بەگشتی ئەم پەرەسەندنە، رەنگە دەرئەنجامی خراپی لێبکەوێتەوە."
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی ئۆکراینادا، رووسیا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی رووسیا، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
سەرۆکی رووسیا لە سەرەتای مانگی رابردووەوە فەرمانیدا بەوەی ئامادەکاری بۆ مانۆڕی سەربازی بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیی مۆسکۆی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی 27ـی شوباتی ئەمساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، بە دووری نازانن لە داهاتوودا سەرباز بنێرنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا شەڕ بکەن. کرێملنیش هەر زوو دوای ئەوە رایگەیاند ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا، "لە بەرژەوەندیی رۆژئاوا نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ