جیهان
خیرت ڤیڵدەرس لەدوای کشاندنەوەی پارتەکەی لە حکومەتی هاوپەیمانیی هۆڵەندا قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی کۆچبەران، پارتی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەری PVV لە حکومەتی هۆڵەندا کشایەوە و کابینەکە هەڵوەشایەوە.
خیرت ڤیڵدەرس ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پارتەکەی، پارتی ئازادی PVV لە هاوپەیمانیی حکومەت دەکشێتەوە کە پێکەوە لەگەڵ سێ پارتی دیکەی راستڕۆ پێکیان هێنابوو.
ئەم بڕیارەی سیاسەتڤانە راستڕۆ دژە کۆچبەرە دژە ئیسلامەکە دوای ئەوە هات کە پارتەکانی نێو هاوپەیمانییەکەی رەتیان کردەوە داواکارییەکانی بۆ توندکردنی سیاسەتی کۆچبەران جێبەجێ بکەن.
ئێستا کە حکومەت بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران دیک سخۆف هەڵوەشاوەتەوە، پەرلەمانی هۆڵەندا دوو بژاردەی لەبەردەستە: یان دەبێت بە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان هاوپەیمانییەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رابگەیێنێت، یانیش کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری بکات.
پارتی PVV گەورەترین پارتی هۆڵەندایە.
بە بڕیاری کشانەوە، ڤیڵدەرس هۆڵەندا دەخاتە نێو دۆخێکی سیاسیی ناڕوونەوە.
تەمەنی کابینەکەی سخۆف تەنیا یازدە مانگ بوو.
ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییەی لە هۆڵەندا هەیە، هاوتەریبە لەگەڵ گۆڕانکاریی دیکەی گەورە لە ئاسۆی سیاسیی ئەورووپادا، کە دوایینیان بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پۆڵەندا بوو لە لایەن کارۆل ناورۆسکی کە چاوەڕوان دەکرێت بە سیمایەکی نەتەوەپەرستانەوە سەرکردایەتیی پۆڵەندا بکات.
ناکۆکی لەسەر پرسی کۆچبەران
هۆکاری هەڵوەشانەوەی حکومەتی هۆڵەندا ئەوە بوو کە سێ پارتەکەی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە، ئامادە نەبوون پلانێکی 10 خاڵیی ڤیڵدەرس بۆ توندکردنی سیاسەتی کۆچ پەسەند بکەن.
ڤیڵدەرس لە پلانەکەیدا داوای کردبوو هێزی زیاتری سەربازی لە خاڵە سنوورییەکان جێگیر بکرێت، وەرگرتنی پەناخوازان بوەستێنرێت، یەکگرتنەوەی خێزان بۆ کۆچبەران نەمێنێت و ئەو هاووڵاتییانەی سووریا کە شارەکانیان بە سەلامەت دادەنرێن، بگەڕێنرێنەوە.
ڤیڵدەرس توڕەیی خۆی لە نەچەسپاندنی ئەو پلانە دەربڕی.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "پلانەکانمان بۆ سیاسەتی کۆچ واژۆ نەکراون. PVV لە هاوپەیمانییەکە دەکشێتەوە."
ئەم تێکچوونە سیاسییە لە کاتێکی هەستیاردا دێت. بڕیارە 24 تا 26ی ئەم مانگە، لووتکەی ناتۆ لە لاهای بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ