رووداو دیجیتاڵ
بیڵ گەیتس، ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، زۆربەی ئەو 200 ملیار دۆلارەی کە بڕیاریداوە لە رێگەی رێکخراوی خێرخوازیی گەیتسەوە بیبەخشێت، لە 20 ساڵی داهاتوودا لە ئەفریقا خەرجی دەکات.
گەیتس لە کاتی قسەکردنی بۆ سەرکردەکانی ئەفریقا لە شاری ئەدیس ئەبابای ئەسیوپیا، رۆژی سێشەممە بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "بەم دواییانە بڕیارێکم دابوو کە سامانەکەم لەم 20 ساڵەدا ببەخشم. زۆربەی ئەو پارەیە لە یارمەتیدانی ئێوەدا خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەفریقا چارەسەر بکەن."
گەیتس 8ی ئایار بڕیاریدا کە لە ماوەی 20 ساڵ دا هەموو سامانەکەی ببەخشێت و دوای ئەوەش رێکخراوی خێرخوازیی گەیتس دابخات.
گەیتس ئەمڕۆ بە بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماتەکانی گوت: "بە وەگەڕخستنی توانای مرۆیی لە رێگەی تەندروستی و پەروەردەوە، دەبێت هەموو وڵاتێکی ئەفریقا بکەوێتە سەر رێچکەی خۆشگوزەرانی. زۆریش خۆشە ببمە بەشێک لەو رێچکەیە."
ملیاردێرەکە گوتی: "وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیی سەرەتاییدا، گەورەترین کاریگەریی لەسەر تەندروستی و سەلامەتی هەیە. لە تەندروستیی سەرەتاییدا، دەزانین کە ئەگەر یارمەتی دایک بدرێت بۆ ئەوەی تەندروست بێت و پێش سکپڕی و لە کاتی سکپڕیدا خواردنی باشی هەبێت، باشترین ئەنجامی دەبێت. هەروەها ئەوەش باش دەبێت کە دڵنیابینەوە لەوەی منداڵەکە لە چوار ساڵی سەرەتای تەمەنیدا خواردنی باش وەردەگرێت."
ملیاردێرەکە هەروەها باسی لەوە کرد کە رێکخراوە خێرخوازییەکەیان لە ئەسیوپیا، ئەفریقای باشوور، کینیا، نایجیریا و سەنیگال نووسینگەی هەیە و "ئەوە رێگەیەکی زۆر باشە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی."
ئەم بەڵێنەی گەیتس لەکاتێکدایە کە ئەمریکا زۆربەی یارمەتییە دەرەکییەکانی راگرتووە.
وێڕای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی تازەی گۆڤاری زانستیی لانسێت مەزەندە دەکات بەهۆی راگرتنی یارمەتیی بۆ تووشبووانی ئەیدز لە دەرەوەی ئەمریکا، تاوەکو ساڵی 2030 ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی 500 هەزار منداڵ. هەروەها لە ماوەی 15 ساڵدا، 25 ملیۆن کەسی دیکە بەهۆی وەستانی ئەو یارمەتییانەوە دەمرن.
زۆربەی وەبەرهێنانی دامەزراوەی گەیتس لەو پڕۆژانەدا بووە کە ئامانج لێیان کەمکردنەوەی مردنی منداڵان و دایکانە، لەنێویاندا بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژە مەلاریا و ئێچ ئای ڤی، هەروەها یارمەتیی کۆمەڵگەکانی داوە لە هەژاری رزگاریان بێت.
رێکخراوەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە زیاتر لە 100 دەستپێشخەریدا بەشدار بووە کە ژیانی زیاتر لە 80 ملیۆن کەسیان پاراستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ